تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە پارەی نەخۆشخانەی هیوای دزیبوو


لە قەزی كەلار تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە جگە لە دزیكردن، پارەی هاوكاری نەخۆشخانەی هیواشی دزیوە.

عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاندووە، دوای سكاڵای خاوەنی دەرمانخانەیەك لەنێو بازاڕی قەزای كەلار كەسێكیان دەستگیركردووە، دوای لێكۆڵینەوە دانی بەوەدا ناوە شەش ملیۆن دیناری لە دەرمانخانەكە دزیوە، جگە لە بڕینی چەندین شوێنی دیكە و پارەی هاوكاری نەخۆشخانەی هیواشی دزیوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، دوای لێكۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بەوەدا ناوە كە بڕی شەش ملیون دیناری لەنۆرینگەی ناوبراو دزیوە و لە چوار نۆرینگە و تاقیگەی دیكە لە گەڕەكەكانی سیروان، شەهیدان، فەرمانبەران دزیكردووە بەوتەی خۆی تەنانەت پارەی نێو سندوقی هاوكاری نەخۆشخانەی هیواشی دزیوە كە تایبەتە بەنەخۆشییەكانی شێرپەنجە.

پۆلیسی گەرمیان روونیكردۆتەوە، تۆمەتبار بۆ شاردنەوەی خۆی لە كامێراكان، قژی دەستكردی بەكارهێناوە و بەچەند جۆرێك شێوەی خۆی گۆڕیوە و پێشتریش بەتۆمەتی دزیكردن سێ ساڵ زیندانی كراوە.





PM:06:28:05/01/2023