"ژمارەیەك كارمەندی هۆتێلێكی سلێمانی هاوڵاتیەك دەستبەسەر دەكەن"


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا، بەڕێوەبەر و ژمارەیەك لە كارمەندانی یەكێك لە هۆتێلەكانی ناو شاری سلێمانیان بەتۆمەتی دەستبەسەركردنی هاوڵاتیەك دەستگیركرد. 

پۆلیسی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد لە چەند تۆمەتبارێك  بەوەی كە لە هۆتێلێكدا دەستبەسەریان كردوە، مەفرەزەكانی پۆلیسی سەرا لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو توانرا چوار تۆمەتبار دەستگیر بكەن كە بەڕێوەبەر و كارمەندانی یەكێك لە هۆتێلەكانی ناو شاری سلێمانین".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردوام بوو سەرەنجام دەركەوت كە ئەو تۆمەتبارانە بێ‌ گەڕانەوە بۆ پۆلیسی سلێمانی و تۆماركردنی سكاڵا، هەستاون سكاڵاكاریان دەستبەسەر كردوە بەهۆكاری نەدانی پارەی كرێی مانەوەی لە هۆتێلەكە".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران (ا ه ، س ك، ع  ن  و، س ع ) بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسیش ئەوەی ئاشكرا كردوە كە پێشتریش هاوڵاتی تریان لەناو هۆتێلەكە دەستبەسەر كردووە.



PM:07:44:08/01/2023