تەندروستی هەرێم: نیوەی دانیشتووان ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە

تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت" بە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی هەرێم بە لایەنی کەمەوە ژەمێک یان دوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە". 

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان (کاربەڕێکەر) رایگەیاند" هەر رێکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر گومانێکی ڤایرۆسێکی نوێ تەنها مەبەست بەرژەوەندی هاوڵاتییان و خۆپارێزی دەبێت لە تەشەنەکردن".

ئاماژەی بەوەشکرد" هیچ ڕێکارێکیش ناکەین بارگرانی  بۆ کاروکەسابەتی هاوڵاتی دروستبکات، بەڵکو هەموو کات چاودێری دۆخی هەموو نەخۆشییەکی گواستراوە دەکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیۆن و ٩٣١ هەزار و ٤٧٤ ژەمە ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا بە هاوڵاتییان دراوە کە بە نزیکەی نیوەی دانیشتوان بەلایەنی کەم ژەمێکیان دوو ژەمی ڤاکسینی پێدراوە. 

بەم شێوەیەی خوارەوە:

- ٤٩.٦% هاوڵاتی سەروو ١٨ ساڵ ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە.

- ٤٠.٢% هاوڵاتی سەروو ١٨ ساڵ ژەمی دووەمیان وەرگرتووە.

- تەنها لە ٢% ی هاوڵاتیانی سەروو ١٨ ساڵ ژەمی سێیەمیان وەرگرتووە.

- لە کاتێکدا بۆ هاوڵاتیانی سەروو ١٢ ساڵی ٣٧% ژەمی یەکەم و ٣٠% ژەمی دووەم و ١% ژەمی سێیەم وەرگرتووە.


AM:09:36:10/01/2023