عەلی حەمە ساڵح بە ٩٠ ملیۆن دینار سزادرا


لەسەر دانانی کامێرای تیژڕەوی، دادگای بەرایی سلێمانی بڕیاری سزادانی عەلی حەمە ساڵحی بە ٩٠ ملیۆن دینار دا.

لە راگەیاندنێکدا عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان کە بەناونیشانی " سزادانێکی ناڕەوا " نووسیوویەتی "دادگای بەرای سلێمانی بڕیاری سزادانی منی داوە بە (٩٠ ملیۆن دینار) بیدەم بە کۆمپانیای تایبەت بە کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی.حوکمڕانی و دادگایەکی سەیر! بەرگری لە مافی گشتی بکەیت! سزات بدەن!".

هەروەها دەڵێت " حکومەت خۆی ٩٨ کامێرای دیاری کردنی تیژڕەوی هەبوە.. دیار نییە! ئێستا نابێت دوو کۆمپانیا لە دوو زۆنەکە ٤٧٥ کامێرا بە سیستمی پۆینت توو پۆینت دابنێن.. ٧٠٪ داهات لە سەرەتا بۆ کۆمپانیا بێت…. ئەمە پێچەوانەی یاسایەو بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێکەو بارگرانی گەورە دروست دەکات بۆ خەڵک ! هەموو بەڵگەکانم خستە بەردەم دادگا.. بەڵام ئامادەنەبوون گفتوگۆی بەڵگەکان بکەن!".

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "بەبێ ئەوەی بیسەلمێنن من زیانم لە کەس داوە، دادگای بەرای سلێمانی (٩٠ ملیۆن دینار) سزای داوم".

لە کۆتاییدا دەڵێت "ئەگەر پێتان وایە ئەم سزا بۆ ئەوەیە من پاشەکەشە بکەم و تەنازولتان بۆ بکەم زۆر هەڵەن.. هەموو ڕێگایەک دەگرمەبەر بۆ ڕێگری لە هێنان و دانان و بەڕێوەبردنی کامێرای تیژڕەوی بەم سیستمە لە لایەن کۆمپانیاوە…. سزادانی خەڵک نادرێت کۆمپانیا."



PM:02:14:15/01/2023