مەسرور بارزانی: لەگەڵ بەغدا گەیشتووینەتە چەند لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی

‌وێنە .. ئەرشیف
مەسرور بارزانی لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە بەبێ جێگری سەرۆک وەزیر بەرێوەچوو، رایگەیاند" لەگەڵ بەغدا گەیشتووینەتە چەند لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی (ماوە بەسەرچوو)، لە راگەیاندنێکدا کە مەسرور بارزانی دەڵێت " پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣، پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵ، ماف و شایستەکانی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوور و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و چەندین بابەتی دیکە گفتوگۆمان کردووە، لەسەر ئەو بابەتانە گەیشتووینەتە چەند لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
 

لەو راگەیاندنەدا هاتووشە" بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە 11-01-2023 تاوتوێ کرا". 
 
مەسرور بارزانی دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکاندا هەستمان بەوە کرد کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری پەسندکراو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە.
 
‎بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی و دوا بەرەوپێشچوونی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە کاتی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لە 11ی كانوونی دووه‌می 2023 بۆ بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێم، کە لە لایەن کەمال محەمەد وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.
 
‎راگەیێندراوەکە ئەوەی تێدا هاتووە، لە بڕگەی سێیەمدا، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی یەکەم خستەڕوو.
 
‎مەسرور بارزانی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە رێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە، دووپاتکردەوە.
 
ئاماژە بەوەش کراوە، ‎دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە تێکڕای دەنگ راپۆرتەکەی پەسند کرد. 



PM:05:04:15/01/2023