حیزبەکانی رۆژهەڵات: بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران هەنگاوێکی دیپلۆماتیکی بەجێیە


ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی بە "تیرۆریست " ناساندنی سوپای پاسدارانەوە رایانگەیاند" بڕیارنامەی بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران هەنگاوێکی دیپلۆماتیکی بەجێیە".

لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە ناوەندی هاوکاری حیزبەکان بڵاویانکردەوە، رایانگەیاند" لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ناوەند دوپاتی کردەوە کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دژبە ئازادیخوازان و سەرکوتی خۆپیشاندەران و ئەشکەنجەدان و کوشتنی بەندکراوانی سیاسی گۆڕانی بەسەردا نایەت و ئەم ڕێژیمە لە ناوچەکەش هەر پشتیوان و داڵدەدەری گروپە تێرۆریستییەکان دەبێت. ھەر لەم پیوەندییەدا ناوەندی ھاوکاری بڕیارنامەی پارلەمانی ئورووپا بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی بە هەنگاوێکی گرینگی دیپلۆماتیک زانی و ھیوای خواست".

ناوەندی ھاوکاری: بڕیارنامەی بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران هەنگاوێکی دیپلۆماتیکی بەجێیە

لەکۆبوونەوەی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا پێشوازی لە بڕیارنامەی پارلەمانی ئورووپا سەبارەت بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٩ی بەفرانبار کۆبوونەوەی ئاسایی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کاک عومەر ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، وەک بەرپرسی دەورەیی ناوەند مژار و خاڵەکانی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند و لە وتەی دەستپێکدا جەختی لەسەر کار و ھاوئاھەنگی پتری ناوەند لە بارودۆخی ئێستادا و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا کردوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا کاک محەمەد نەزیف قادری، بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی ھاوکاری، لەگەڵ بەشداربووانی دیکەی کۆبوونەوەکە راپۆرتی کار و چالاکی ئەم دەورەیەی ناوەندی ھاوکارییان هەڵسەنگاند کە بەرپرسیارەتییەکەی لە ئەستۆی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو.

لە باسە سیاسییەکاندا بەشداربووان ڕەھەندە جیاجیاکانی شۆڕشی ژینا و ڕەوتی ناڕەزایەتییە بەربەرینەکەی ئێستایان کە سەرانسەری ئێرانی گرتۆتەوە هەڵسەنگاند و پێداگرییان لەسەر پشتیوانی و داکۆکیی خۆیان لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان کردەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا ھەروەھا جەخت لەسەر پێویستیی زیاتر بەھێزکردنی ئەو ھاوپشتی و ھاوکارییە کرایەوە کە ئێستا لەنێوان گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا دروست بووە و پێداگرییش لەسەر ھەوڵەکانی ناوەند بۆ پێکهێنانی چەترێکی ھاوکاری بۆ سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و، دیالۆگ و گفتوگۆی پتریش لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کرایەوە.

کۆبوونەوەکە بە گرنگییەکی زۆرەوە چالاکی و پێشڕەوبوونی ژنان و سەرجەم چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردستانی لەم شۆڕشەدا ھەڵسەنگاند و جەختی لەسەر پشتیوانیی خۆی لە بەردەوامیی چالاکی و ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەدا کردەوە. ناوەند ھەروەھا دەستخۆشی لە سەرجەم چالاکانی سیاسی و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکان و خەڵکی ئازادیخواز لە دەرەوەی وڵات کرد کە بە بەشداریی بەردەوامیان لە ئاکسیۆن و خۆپیشاندانەکاندا پشتیوانی خەڵکی شۆڕشگێڕی نێوخۆی کوردستان و شۆڕشی ژینا بوون.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ناوەند دوپاتی کردەوە کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دژبە ئازادیخوازان و سەرکوتی خۆپیشاندەران و ئەشکەنجەدان و کوشتنی بەندکراوانی سیاسی گۆڕانی بەسەردا نایەت و ئەم ڕێژیمە لە ناوچەکەش هەر پشتیوان و داڵدەدەری گروپە تێرۆریستییەکان دەبێت. ھەر لەم پیوەندییەدا ناوەندی ھاوکاری بڕیارنامەی پارلەمانی ئورووپا بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی بە هەنگاوێکی گرینگی دیپلۆماتیک زانی و ھیوای خواست لە کۆبوونەوەی یەکیەتیی ئوروپاشدا ئەو بڕیارە پشتڕاست بکرێتەوە و لە درێژەدا گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتریش ببن.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرپرسایەتیی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی وەرگرت و بڕیار درا بەدواداچوون بۆ ئەو پلان و پرۆژانە بکرێت کە لە کۆبوونەوەکانی ناوەنددا بڕیاریان لەسەر دراوە.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
۲۹ی بەفرانباری ۱٤۰۱ 
See less



PM:07:32:19/01/2023