عەلی باپیر: دۆخی حكومڕانی لەكوردستان جێگەی بەزەییە


سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان رایدەگەیەنێت، دۆخی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان جێەی بەزەییە، چونكە وڵاتەكە پڕە لە نەوت و غاز، كەچی خەڵك نەوتی دەست ناكەوێت.

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئەمڕۆ لە مەراسیمێكی حیزبەكەیدا رایگەیاندووە، لەئێستادا هەرێمی كوردستان لەزۆر ڕوەوە لە دۆخێكی خراپدا دەژی و كێشەكانی خەڵك زیاتر بوون، بەجۆرێك وڵاتەكە پڕە لە نەوت و غاز، كەچی خەڵك نەوتی دەست ناكەوێت، بۆیە لە بری حكومەت رێكخراوە خێرخوازییەكان نەوت دابەش دەكەن.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، دۆخی حكومڕانی لەكوردستان جێگەی بەزەییە چونكە پێوەری حزبیبون لەجێگەی هاوڵاتیبون كاری پێدەكرێت و خەڵكی بەتوانا لە شوێنی شایستە دانانرێت، هەروەها لە هەرێمی كوردستان بایەخ بە كەرتی پەروەردە و فێركردن نەدراوە و ئەوەش وایكردوە پرۆسەی پەروەردە بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.

عەلی باپیر، ئاماژەی بەوەكردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەرپرسیاری دۆخی یەكەمی هەرێم دەزانن، چونكە ئەو حزبە لە بەغدا و شوێنەكانی دیكەش خۆی وەك نوێنەری كورد دەناسێنێت و لە هەرێمیش زۆرینەی دامەزراوەكانی حكومڕانی لەبەردەستە، پاشان بەرپرسیاریەتی بەپلەی دوەم بەر یەكێتی دەكەوێت، لە هەمو دۆخێكیشدا ئەوان داوا دەكەن ناكۆكییەكان بەلاوە بنرێن و دان بە هەڵەكاندا بنرێت، كۆمەڵیش ئامادەیە بۆ ئاشتەوایی لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا رۆڵی خۆی بگێڕێت و نێوەندگیر بێت.



AM:11:50:20/01/2023