رۆژنامەنووسێکی ئافرەت لە سلێمانی بۆ ٥ رۆژ دەستبەسەرە

رۆژنامەنووس، سۆما خالید لەلایەن دادگای سلێمانییەوە دەستبەسەرەو لە بەندیخانەیە.

سۆما خالید کە لە کەناڵی KNN کاردەکات نووسینێکی کورتدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە رەخنە لە رەفتاری کارمەندانی تەندروستی دەگرێت، لەسەر داوای تەندروستی سلێمانی دەستگیرکراوە، زانیارییە پشتڕاستەنکراوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو رۆژنامەنووسە بڕیاری ٥ رۆژ دەستبەسەرکردنی لەلایەن دادوەرەوە بۆ دەرچووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسایی ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ نابێت رۆژنامەنووس دەستگیربکرێت.

سۆما خالید چەندین ساڵە رۆژنامەنووسە و لەچەند میدیایەکی جیاواز کاریکردووەو لە ئێستادا لە کەناڵی KNN ی بزووتنەوەی گۆڕان کاردەکات.

تەندروستی سلێمانی ساڵی ٢٠٢٢ ش لەسەر نووسینێکی رەخنە ئامێزی د. هەژار مەعروف ماوەی دوو رۆژ ئەو نوسەرە کە خۆشی پزیشک و چەندان ساڵ وەک پزیشکێک لە ریزەکانی پێشمەرگەدا خەباتی کردووە ، دەستبەسەرکراو تا ئێستا دۆسیەکەی لە دادگایە.

 



AM:12:22:24/01/2023