سەبارەت بە هەڵبژاردن، قوباد تاڵەبانی داوایەك لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) داوای لە نەتەوە یەكگرتوەكان كردووە ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەركردنی گرفتەكان و مسۆگەركردنی بەڕێوەچونی دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن.

نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی پێشوازیكرد لە ڕۆزماری دیكارلۆ، جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، تییدا سەبرەت بە هەڵبژاردن و وزە و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كرد.
 
قوباد تاڵەبانی كێشەكانی بەردەم هەڵبژاردنی روونكردۆتەوە و رایگەیاندووە "سیستم و بازنەكانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، كورسی كۆتا و پێكهاتەكان لەگەڵ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن"، بۆیە داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەركردنی گرفتەكان و مسۆگەركردنی بەڕێوەچونی دروستی پڕۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینە بۆ خەڵكی كوردستان.


قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە، پێكهاتە و كەمینەكان ڕێز لێگیراون لە هەرێمی كوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێكهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان كە دور بێت لە دەستوەردانی حزب و هێزە سیاسییەكان.



PM:07:01:24/01/2023