"هێرشدەكرێتە سەر چەند فەرمانبەرێكی هەرێم و دەستبەسەر دەكرێن"


وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای مانگی رابردوو كەسێك كە خۆی بە پارێزەر ناساندووە لە سەنتەرێكی جوانكاری، هێرشیكردۆتە سەر چەند فەرمانبەرێكی بەڕێوەبەرایەتی باج و دوای ئەشكەنجەدان، دەستبەسەریشی كردوون.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، دامەزراوەی باج بە پێی بنەما یاساییەكان مافی ئەوەی هەیە لەهەر كاتێك و شوێنێك بەدوای سەرچاوەی داهاتی ڕاستەقینەی باجدەردا بگەرێت بۆیە لێژنەكانی بە شەو و ڕۆژ ماندوونەناسانە كار بۆ هاتنەدی ئەو ئامانجە دەكەن.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ڕاستی ڕووداوەكە لەڕێكەوتی 2022/12/7 ئەو فەرمانبەرانە كە یەكێكیان ئافرەتە لە كاتی سەردانی كردنی سەنتەری جوانكاری (د.ناز) لەلایەن پارێزەر (شیراز شهاب) ڕێگریان لێكراوە و پاش لێدان و ئەشكەنجەدانیان دەستبەسەریان كردوون، ئەمە لە كاتێكدایە ئەو پارێزەرە هیچ پەیوەندی بەم سەنتەرەوە نەبووە".

وەزارەتی دارایی وتویەتی "بۆیە سەرلەبەری ئەو تۆمەت و بوختانانە ڕەت دەكەینەوە كە لەلایەن ئەو كەسەوە بۆ وەزارتمان هەڵبەستراوە، وە ئەگەر ئەو كەسەی خۆی ناساندووە پارێزەر بێت پێویست بوو چاوەرێی دەرئەنجامی بڕیاری دادگا بكات نەوەك پەنا بباتەبەر سۆشیال میدیا و لەو ڕێگەیەوە بە ئامانج دامەزراوەكانی دەوڵەت و كاراكتەرە ئەكتیڤەكانی ئەو دامەزراوانە بكاتە ئامانج و تۆمەت و تەشهیر و ناوزڕاندنیان بۆ بهۆنێتەوە كە ئەمە دوورە  لە پیشە و نەریتی پارێزەرایەتی، بۆیە ئێمە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەموو ڕێكارە یاساییەكان دەگرینەبەر بۆ گەڕاندنەوەی مافی ئەو فەرمانبەرانە و دەرخستنی ڕاستیەكان بۆ ڕای گشتی".



PM:03:25:26/01/2023