گەنجێكی خەڵکی سنە لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" گەنجێکی خەڵکی شاری سنە چەند کاتژمێرێك دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا".

رێكخراوەكە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە" ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو گەنجێکی نیشتەجێی گەڕەکی نایسەری شاری سنە بە ناوی ئەحمەد ساڵحی تەمەن ٣٥ ساڵ چەند کاتژمێرێك دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکانەوە، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستداوە". 

رێكخراوی هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەڵێت" ئەحمەد ساڵحی لە ماڵەکەی خۆیدا بە گومانی هەبونی ماددەی هۆشبەر دراوەتە بەر لێدان، سەرباری ئەوەی هیچ جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر لەماڵەکەیدا نەدۆزراوەتەوە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیرکراوە". 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی" ئەحمەد ساڵحی بەهۆی لێدان لەسەری گیانی لە دەستداوە و هەر دوێنێ شەو تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گوازراوەتەوە". 


AM:09:05:27/01/2023