پارێزەری لاهور جەنگی: تانەمان لە بڕیارەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دا

پارێزەری لاهور جەنگی رایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ لە دادگای پێداچونەوەی بەغداد تانەمان لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دا". 

سەیوان سیروان جاسم پارێزەری لاهور جەنگی ئەمڕۆ پێنج شەممە لەبارەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە روداوی ڕاگەیاند" بڕیارەکەی کۆمیسیۆن لە شوێنی خۆی نەبو، بۆیە ئەمڕۆ لە دادگای پێداچونەوە لە بەغدا تانەمان لێدا کە بەپێی یاسا دەتوانرێت لەماوەی سێ رۆژدا تانەی لێبدرێت و دەبێت دادگاکە لە ماوەی ١٠ رۆژدا پرسەکە یەکلایی بکاتەوە". 

وتیشی" ئێمە لە تانەکەماندا بڕیارەکەی دادگای هەولێرو کۆمەڵێک بەڵگەنامەو دۆکیۆمێنتمان هاوپێچ کردوەو تێیدا بڕیارەکەی کۆمیسیۆن بە نادروست دەزانین، چونکە دادگای هەولێر بڕیارێکی دیکەی لەبارەی ئەو کەیسەوە داوە و دانی بە کاک لاهور وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی ناوەو هەمو رێوشوێنەکانی دواتری بە نایاسایی زانیوە کە کراون". 

پارێزەرەکەی لاهور جەنگی ئاماژەی بەوەشکرد" بڕیارەکەی دادگای هەولێر کارپێکراوە و بەپێی ئەو بڕیارە ئێستا لاهور جەنگی دەتوانێت سەرجەم دەسەڵاتەکانی پەیڕە و بکات و هەموو نوسراوەکانی فەرمی دەبن و لە نێوخۆی یەکێتی و لە سەرجەم دامەزراوەکانی عێراق". 


PM:08:24:02/02/2023