پارێزەرەکانی: هەموو سکاڵاکان لە بەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی کۆتایی پێ هاتووە

تیمی پارێزەرانی سەرۆکی یەکێتی سەبارەت بە سکاڵاکانی بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێن" هەموو سکاڵاکان لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی کۆتایی پێ هاتووە". 

لە ڕوونکردنەوەکەی تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی هاتووە" هەموو سکاڵاکان لەبەرژەوەندی سەرۆک بافڵ کۆتایی پێ هاتووە و لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش پەسەند کراوە". 

دەشڵێن" کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیانی پەسەند کردووە، کە تیایدا، پەیڕەوی بەڕێوەبردنی یەکێتی گۆڕیوە لە سیستەمی هاوسەرۆکییەوە بۆ سیستەمی سەرۆکی". 

دەقی ڕوونکردنەوەکە: 

سەبارەت بە سکاڵاکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و لاهور جەنگی بورهان، بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە؛ هەموو سکاڵاکان لەبەرژەوەندی سەرۆک بافڵ کۆتایی پێ هاتووە و لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش پەسەند کراوە.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەمواری پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیانی پەسەند کردووە، کە تیایدا؛ پەیڕەوی بەڕێوەبردنی یەکێتی گۆڕیوە لە سیستەمی هاوسەرۆکییەوە بۆ سیستەمی سەرۆکی.

هەروەها ئەو سکاڵایەی کە باس دەکرێت لە دادگای لێکۆلینەوەی ئاسایشی هەولێر؛ ئەو داوایە لە تایبەتمەندی ئەو دادگا بەڕێزە نیەو ئەو نوسراوەی بڵاو کراوەتەوە تەنیا رونکردنەوەیە نەک بڕیاری دادگا، بۆ زانیاری هەموو لایەکیش؛ جارێکی تر بڕیار لەو داوایە نادرێت بە هۆکاری ئەوەی پێشتر ئەم داوایە حسم بووە و پلەی کۆتایی وەرگرتوە. 

ئینجا بەپێی بڕیاری دادگای تایبەتمەند، لاهور جەنگی نەک تەنها پۆستی نییە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، بەڵکو یەکێکە لەدەرکراوەکان بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی.

تیمی پارێزەرانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی


PM:09:46:02/02/2023