پێشبینی دەکرێت مانگی ئازارو نیسان بارانێکی باش ببارێت


پسپۆری بواری کەشناسی، ئاراز جەبار پێشبینی دەکات لە مانگی ئازار و نیساندا بارانێکی باش ببارێت و شتێک بۆ وشکە ساڵی نەمێنێتەوە.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە نووسینێکی نوێدا دەڵێت" مانگی ئازاری داھاتوو پێشبینی دەکرێت ئاستی دابارینی باران لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و رۆژھەڵاتی کوردستان و سوریا زیاتر ببێت و لە ئاستی نۆرماڵ کەمێک بەرزتر بێت، تێکرای پلەکانی گەرما لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی ئاسایدا چاوەروان دەکرێت".

دەربارەی مانگی چوار ئەو پسپۆرە دەڵێت" بۆ مانگی ٤ (نیسان) پێشبینی زیاتر بەرزبوونەوەی رێژەی بارانبارین دەکرێت کە ئەمەش دڵخۆشکەرە و ئەگەر ھەیە لەماوەی تەنھا دوو مانگی ئازار و نیساندا لە زۆربەی ناوچەکەدا بڕی بارانی ئەمساڵ بگاتە رێژەی پێویست و ستاندارد کە بریتیە لە تێپەراندنی وشکە ساڵی کەشناسی".
 
لەبارەی پێشبینیەکان لەسەر ئاستی جیهانی، ئاراز جەبار دەڵێت" بەگوێرەی چاودێری و پێشبینیەکان دیاردەی لانینا لەم مانگەدا لە قۆناغەکانی کۆتایدایە لە مانگی ئازاری داھاتوودا کۆتای پێدێت و قۆناغی بێلایەن یان نۆرماڵی سوری ئنیسۆ دەستپێدەکات کە تا کۆتا مانگی وەرزی بەھارمان لەم قۆناغەدا ئەمێنێتەوە ،وە بە تێکرای پێشبینی زۆربەی مۆدێل و چاودێریەکانی رەوشی پلەی گەرمی ڕووی دەریا و زەریاکان لە وەرزی ھاوینی ئەمساڵدا دیاردەی ئێل نینیۆ دەستپێدەکات کە قۆناغی گەرمبوونەوەی ئاوەکانی ناوچەی رۆژئاوا و ناوەراستی زەریای ھێمنە کە لەماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا بۆ دوو وەرزی بارانبارین ٢٠١٥-٢٠١٦ و ٢٠١٨-٢٠١٩ دیاردەی ئێل نینیۆمان ھەبوو کە ئاستی بارانبارین لەسەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمدا لەماوەی ئەم دوو وەرزە بۆ سەروو تێکرایەکانی بەرزبوونەوەو ساڵێکی تەروو پر بارانمان ھەبوو ، دیارە کۆمەڵێک ھۆکار و دیاردەی دیکەش ھەن کە کاریگەریان لەسەر گۆڕانی کەشوھەوای جیھان ھەیە کە زەریای ھێمن وەک گەورەترین زەریای ھەسارەکەمان رۆڵێکی بەرچاوی ھەیە لەم گۆڕانکاریانەدا و زیاتر گرنگی پێئەدرێت کە بۆ ھاوینی ئەمساڵ گەرانەوەی دیاردەی ئێل نینیۆ ھۆکارێکی گرنگ ئەبێت بۆ زوو دەستپێکردنی وەرزی باران و بەرزبوونەوەی ئاستی دابارین لە وەرزی پایزی ٢٠٢٣ دا" .



PM:07:14:11/02/2023