وەزارەتی دارایی لە بارەی دراوی ساختەوە هۆشداری دەدات


وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم هاوڵاتیان لە بڵاوبونەوەی دراوی ساختە ئاگادار دەکاتەوە. 

لە راگەیاندنێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند " ماوەیەکە بڵاوبونەوەی دراوی ساختە لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووەو وەزارەتی دارایی و ئابوریش داوا لە هاوڵاتیان دەکات زیاتر چاو کراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن بە جۆرەکانی دراو تا توشی زیان نەبن".

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوبەرایەتی بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی خولی هۆشیاری بۆ خەزنەداری بانکەکان کردۆتەوە تا زیاتر چاو کراوە بن لەکاتی مامەڵەکردن بەدراوەکان، بڕیاریشە خولی هۆشیاری بۆ فەرمانگەکان و نوسینگەو کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بکرێتەوە تا هەموان زیاتر بەئاگا بن لە بڵاوبونەوەی دراوی ساختەو مەترسیەکانی. 

وەزارەتی دارایی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەماوەی ڕابردودا لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی عێراقی ساختە لە جۆری ٢٥ هەزاری و ٥٠ هەزاری و دۆلاری ئەمریکی ساختە لەجۆری ٥٠ دۆلاری و ١٠٠ دۆلاریدا گیراوەو ڕێکاری یاسایی پێویست لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە.



PM:08:40:12/02/2023