مافی مرۆڤی عەفرین: ڕێگری لە دابەشکردنی هاوکارییەکانی دەزگای بارزانی دەکرێت

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین – سوریا ڕایگەیاند" ڕێگری لە دابەشکردنی بەشێک لە هاوکارییەکانی دەزگای بارزانی لە شارۆچکەی جێندریس کراوە و بۆ هەر بارێک هەزار دۆلاری ئەمریکی لە دەزگاکە سەندراوە". 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، ڕۆژی هەینی ١٠ی شووباتی ٢٠٢٣  کاروانێکی (١٣) ئۆتۆمبێلی لە هاوکاری دامەزراوەی بارزانی لە دەروازەی (باب سەلام)ە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی ئازاد عەبدولڕەحمان مستەفا چوونەتە ناو خاکی سووریاوە.  

لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە" دوای ئەوەی کاروانەکە لە دووەم ڕۆژدا دەگاتە شارۆچکەی جێندرس کارمەندانی دەزگاکە دەستیان بە دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر خەڵکەکەدا کردووە، بەڵام چەکدارەکانی گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن ڕێگریان کردووە کە هاوکارییەکان بگاتە دانیشتوانە ڕەسەنەکانی کوردی شارەکە".  

بەپێی ڕاگەیەندنەکە، چەکدارەکانی گروپی سوڵتان سلێمان شا بە سەرۆکایەتی محەمەد جاسم کە ناسراوە بە (ئەبو عەمش)ە دەستیانگرت بەسەر سێ بارهەڵگردا و بردیان بۆ شارچکەی (شیای)ە، هەروەها سەیف ئەبو بەکر فەرماندەی گروپی (حەمزاد ) دەستیان بەسەر دوو بارهەڵگردا گرت و ڕێکخراوی ئافادی تورەکیاش دەستیان بەسەر دوو بارهەڵگری دیکەدا گرت. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە بڵاوکراوەکەدا ڕاشیگەیاندووە" هاوڵاتییانی خەڵکی ڕەسەنی جێندەرس ئەوانەی ماڵەکانیان وێران بووە تەنها (٥%) هاوکارییەکانیان بەدەست گەیشتووە". 

ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە ناوچە و گوندەکانی (جێندریس) هەر هاوکارییەک کۆدەکرێتەوە گروپە چەکدارەکان دەست دەگرن بەسەریاندا. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین دەشڵێت" چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە هاوکاری دەزگای بارزانیان کردووە لە دابەشکردنی کەلوپەلەکان بەسەر خەڵکی زیان لێکەوتووی (جێندەریس) لە نێویاندا ئەندازیاری کشتوکاڵی (ئازاد عارف و هشیار کەمال) کە خەڵکی گوندێکی ناوچەکەیە دەستگیرکراون". 



PM:12:00:13/02/2023