لەبارەی گیان لەدەستدانی ژنێک لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر ڕوونکردنەوە دەدرێت

نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر رایدەگەیەنێت" ئەو ژنەی دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا، بەهۆی دواکەوتنی لە سەردانیکردنی نەخۆشخانە بووە". 

نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ژنێک دوای ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ کراوە گیانی لەدەستداوە، ئەوەی لەسەر ئەرکی نەخۆشخانە و پزیشکان و کارمەندان بووە کراوە، بەڵام دواکەوتن هۆکار بوو". 

دەشڵێت" بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە ئەم نەخۆشە بۆ ماوەی سێ رۆژ لەماڵەوە ژانی سکی هەبووە و کە بارودۆخی زۆر تێکچووە ئینجا بەپەلە ساخڵی نەخۆشخانەیان کردووە و دەستبەجێ پشکنینی بۆ کرا و دەرکەوت کە سکی پڕە لەدەرەوەی منداڵدان (حمل خارج رحم)" 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەو حاڵەتەوە ژنەکە رێژەی خوێنی زۆر کەم بووە و هیمۆگلۆبینی گەیشتبووە خوار سێ پلە، بەهۆیەوە راستەوخۆ دوای رەزامەندی بنەماڵەکەی لەبەر مەترسیداری حاڵەتەکە، براوەتە ژوری نەشتەرگەری و کاری پێویستی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی لەسەردانیکردنی نەخۆشخانە بارودۆخی تێکچووە و دوای نەشتەرگەری لەیەکەی چاودێری چڕ خەوێندراوە. 


AM:09:01:18/02/2023