ئیران لە ڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە دەیەوێت ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێتی ئەکتیف بکات

لە ماوەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران بانگێشتی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقی کردووە و ئێرانییەکان دەیانەوێت دۆخی خراپی یەکێتی ڕێکبخەنەوە و لەونێوەشدا ڕۆڵێک بە بەرهەم ساڵح بدەن. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" ماوەیەک پێش ئێستا لەسەر داوای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرهەم ساڵح سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە، ئامانجی سەردانەکەش چالاککردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە کە ئێستا کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بەرپرسییەتی". 

لەبارەی ئەو ڕۆڵە نوێییەی دەدرێت بە بەرهەم ساڵح سەرچاوەکەی (سپی) ئاماژەی بەوەکرد" ئێران دەیەوێت بەرهەم ساڵح بکات بە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی لە بری کۆسرەت ڕەسوڵ کە ماوەی چەند ساڵێکە نەخۆشە و ناتوانێت کارەکانی ئەو پۆستە بەڕێوەبەرێت". 

سەرچاوەکەی (سپی) ئەوەشی خستەڕوو" بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی هیچ لاری لە ئاکتیف کردنی ئەنجوومەنەکە نییە و، تێبینییەکی ئەوتۆشی لەسەر بەرهەم ساڵح نییە، بەڵام ناوبراو نیگەرانە لە مەلا بەختیار کە ئەندامی ئەنجوومەکەیە". 

تائێستا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هیچ زانیارییەکی دەربارەی ئەو سەردانە وهەوڵەکانی ئێران بۆ ڕێکخستنەوەی ماڵی یەکێتی ڕانەگەیاندووە. 

PM:01:46:20/02/2023