یەکێتی: دادگای ژێر دەسەڵاتی پاراستن با لاهور جەنگی بە هاوسەرۆكی پارتی دیاریبكات

سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" دادگای ژێر دەسەڵاتی پاراستن ئەگەر ئەوەندە دەسەڵاتی هەیە دەتوانێت لاهور جەنگی بە هاوسەرۆكی پارتی دیاریبكات نەك یەكێتی".

سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان کەمێک پێش ئێستا بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند" نوسراوە ساختەكراوەكەی دادگای ژێر دەسەڵاتی پاراستن ناتوانێت بڕیار و هەنگاوێك هەڵبوەشێنێتەوە كە بەپێی ناوەرۆكی پەیڕەو و رێكارە یاساییە ناوخۆییەكانی یەكێتی ئەنجامدراون و جێبەجێكراون". 

دەشڵێت" دەركردنی لاهور جەنگی بەپێی رێكارە یاساییەكان و ماددەی ٢٥/ دووەم خاڵی دوانزەیەمینی پەیڕەوی پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەم ئەنجامدراوە، دادگای ئاراستەكراو ناتوانێت تانەی لێبدات یان بیگۆڕێت". 

سەرچاوەكەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشكرد" بەهۆی ئەوەی بڕیارەكە تەواو یاسایی و پەیڕەوی بووە و هیچ گرفتێكی تیانەبووە، له‌لایه‌نى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى عێراق په‌سه‌ندكراوه". 

سەرچاوە باڵاكەی یەکێتی وتیشی" دادگای ژێر دەسەڵاتی پاراستن گەر ئەوەندە دەسەڵاتی هەیە با لاهور جەنگی بە هاوسەرۆكی پارتی دیاریبكات نەك یەكێتی". 

ئێوارەی ئەمڕۆ نوسراوێکی فەرمی لاهور جەنگی بڵاوکرایەوە کە ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئه‌نجوومه‌نى باڵاى سیاسى‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى کراوە و تێیدا خۆی وەکو هاوسەرۆکی حزبەکە دەناسێنێت و وتی" لە دادگا سەرجەم مافە یاسایی و حزبییەکانم بۆ گەڕاوەتەوە، بۆیە دەسەڵاتەکانی خۆم وەک هاوسەرۆکی یەکێتی بەکاردەهێنم".


PM:05:09:22/02/2023