شاندی هەرێم سەردانی بەغداد دەكاتەوە

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاردرا هەردوو تیمی هەرێم تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدرال و پڕۆژە یاسای نەوت گاز، سبەینێ سەردانی بەغداد بكەنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی میدیا) گەیشتووە، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران
 ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی، کە لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری ئاوات شێخ جەناب و ئەندامانی شاندەکە پێشکەشکرا تاوتوێ کرا. 

لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتگیری لە چارەسەری ڕیشەی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردووە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕایگەیاند" ئێمە ئامادەین بۆ هەر هەماهەنگییەک و هاوکاری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، چونکە چارەسەرنەکردنیان زیان بە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیانی عێراق دەگەیەنێت و هەرێمی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی نابێت". 

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەردوو تیمی هەرێمی كوردستان تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدرال و پڕۆژە یاسای نەوت گاز، سبەینێ سەردانی بەغداد بكەنەوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان لە پێناو تەواوكردنی دوا هەنگاوەكانی دەستنیشانكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدرالی و تاوتوێكردنی ئامادەكارییەكانی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵ. 


PM:06:15:22/02/2023