گۆران ئینزیبات "پاساو" بۆ شەوە ئاهەنگەكەی بەریتانیای دەهێنێتەوە


گۆران عومەر ناسراو بە (گۆران ئینزیبات) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان  "پاساو" بۆ گۆرانی وتنی لە شەوە ئاهەنگێك (گەعدە)ی دەهێنێتەوە كە لە وڵاتی بەریتانیا سزیكردووە.

گۆران عومەر ناسراو بە (گۆران ئینزیبات) لەم ماوەیەی رابردوودا لە چوارچێوەی شاندێكی پەرلەمان كوردستان سەردانی وڵاتی بەریتانیایان كرد، بەڵام ناوبراو لەوێ بەشداری لە شەوە ئاهەنگێكدا كردووە كە پێی دەوترێت (گەعدە) و پێشتریش هەمان كاری دەكرد، گۆران لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، دڵی خەڵكی خۆشكردووە و دوای تەواوبوونی كاری پەرلەمانتاریش، دەگەڕێتەوە هەمان پیشەی پێشووی.


دەقی روونكردنەوەكە..

من پێش ئەوەی پەرلەمانتاربم لەڕێگەی هونەرەوە خزمەتم بە گەل و نیشتمان كردووە، دوای كاری پەرلەمانیش دەبمەوە بە خزمەتكاری خەڵك و نیشتمان لەرێگەی هونەرەوە، چەند رۆژێكە كەوتومەتە بەر تیرو توانج و رەخنەو ئازاردانێكی بێمانای بێویژدانانە لەلایەن چەندین كەس و گروپ و ماڵپەرو كەناڵی جیاجیاوە بەتەنها لەبەر ئەوەی لەوڵاتی بریتانیا خزمەتم بە كۆمەڵێك هاوڕێ و هەواداری هونەرەكەم كردووە، ئەرشیفی رابردووم ڕونە كە من لەهەموو قۆناغەكاندا خزمەتكاری خەڵك و لەڕێی هونەرەكەمەوە هاوڕێی چەكی یەك بەیەكی برا پێشمەرگەكانیش بووم، من لەم سەفەرەمدا بەشانازیەوە دەرفەتم دروستكرد تا دەیان هەوادارو هاوڕێ و دۆست و گەنجی خێر لەخۆ نەدیوی هەندەران دڵخۆش بكەم، من لێرەو لەم سەفەرەدا خزمەتی گەنج و خەڵكی وڵاتی خۆمم كردووە، ئێوە ئەگەر ئەوەندە دڵسۆزو خەمخۆری دۆزی ڕەوای كوردن بچن و بڕوانن و ببینن لاڤ میوزیكی شەوانی شارەكانی كوردستان لێوڕێژن لە پێشكەشكردنی وەها دیمەنێك بەناوی هونەرەوە كە شیرازەی خێزانی و كۆمەڵایەتی ئێمەی لەڕیشەوە دەركردووە، واز لەئێمە بێن، ئێمە بەشەڕواڵ و مرادخانی كوردی و گۆرانی كوردیەوە دڵی دەیان كوردی دورە وڵاتمان ڕۆشن كردەوە.
ئەوەی بەمەرامی سیاسی هەوڵی نەزۆكی بێبنەما ئەدات بۆ شكاندنی ئێمە پێویستە بزانێت ئێمە لەهەرجێیەكی دنیابین، بەدەنگ و زمانی كوردی و بەبەرگی كوردیەوە لەناو كۆڕو مەجلیسی ئازیزان و هەوادارانی خۆمانداین.
بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنم كە شانازی بەو كات و ساتانەوە ئەكەم كە دەنگو هونەرەكەم ماڵی تاریكی دڵی گەنجێكی دەربەدەرم رۆشن كردبێتەوە.





PM:02:07:25/02/2023