یەكگرتوو ئامادەیی بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فراوانی ئۆپۆزسیۆن راگەیاند


سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی ئامادەیی خۆی بۆ دروستكردنی بەرەیەكی فراوان لەگەڵ لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردن راگەیاند.
 
ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیاندنێکدا کە لە دوای ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانەوە راگەیەندراوە" سەرکردایەتی یەکگرتوو ئامادەیی یەكگرتووی بۆ دیالۆگ و گفتو گۆ لە گەڵ ناوەند و لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات ڕاگەیاند بە مەبەستی پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گۆڕانكاری پێویست لەو ڕێگایەوە".

 لەو راگەیاندنەدا هاتووە" ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو، لە كۆبوونەوەکەدا هەڵوەستەیكردووە لە سەر زەرورەتی ئامادەسازی جیددی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە زووترین كات و كۆتاییهێنان بە بڕیاری درێژكردنەوە بێ پاساوەكەی پەرلەمان لە لایەن هێزو لایەنە پێكهێنەرەكانی كابینەی نۆیەمەوە، كە بوو بە هۆی لە دەستدانی شەرعیەتی دەستووری پەرلەمان و بەو هۆیەشەوە سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان كەوتنە ژێر پرسیارەوە".

یەکگرتوو پێیوایە پێویستە كاربەدەستانی هەرێم لە سەر بنەمای دەستور و یاسا كێشەی نەوت و بودجە و داهات چارەسەر بكەن و لەمە زیاتر كێشە بۆ قوت و بژێوی خەڵك دروست نەكەن.



PM:09:07:25/02/2023