بەرپرسێكی هەرێم هۆشداری توند و "مەترسیدار" لەسەر بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر دەدات


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداری لە بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان دەدات كە گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار و دەڵێت، تائێستا زیاتر لە چوار هەزار بەكاربەری مادەی هۆشبەر لە چاكسازییەكان و زیندانەكانی ئاسایشدان. 
 
دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان UNODC كە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە هەولێر كۆبوونەوە و پرسەكانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان تاوتوێكرا. 
 
دیندار زێباری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرێمی كوردستان لە بابەتی ماددە هۆشبەرەكاندا ئێستا لەقۆناغێكی "مەترسیداردایە" و وتی "لە ساڵی 2014 تا 2019 لە هەرێمی كوردستان كەیسەكانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر نەدەگەیشتنە 100 كەیس، بەڵام لەدوای ساڵی 2019 بۆ ئێستا ئامارەكان گەیشتوونەتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار." 
 
زێباری روونیكردۆتەوە، ئەوانەی ئێستا لە ناوەندەكانی چاكسازی و دەزگا ئەمنییەكان دەستگیركراون ژمارەیان سەروو چوار هەزار كەسە كە زیاتر لە نیوەی ژمارەی زیندانیانی ناو چاكسازییەكان پێكدەهێنن و زۆربەیان گەنجن. بەدەر لەم ژمارەیە بە هەزاران خەڵكی دیكەش هەن لە هەرێمی كوردستان كە ئالوودەی مادەی هۆشبەر بوون.



PM:10:49:26/02/2023