فراكسیۆنی پارتی: یەكێتی تەزویر نەكات، لەهەڵبژاردندا پێنج كورسی زیاتر ناهێنتێت


وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، یەكێتی ئەگەر تەزویر نەكات، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، تەنها پێنج كورسی دێنێت.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، "لە ماوەیەكی كورتدا زیاتر لە 200 هەواڵ بە تەنها لەسەر حكومەت و سەرۆكی حكومەت لە میدیا فەرمی و سێبەرەكانی یەكێتی بڵاوبووەتەوە، ئەم عوقدەیە بەرانبەر سەرۆك وەزیران دەرئەنجامی سنوور بۆ دانان و هەڵماڵینی ڕووی ڕاستەقینەی ئەم حزبە و شكستهێنانیانە لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی زۆنی سلێمانی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "خراپی بازاڕ و وەرگرتنی سەرانە و شەقامی وێران و نەمانی ئەمن و ئاسایش، دیارترین عەیبەكانی ئیدارەدانی یەكێتیین لە سلێمانی و بە هەواڵكردن و درێژكردنی پەنجەی تۆمەت بۆ بەڕێز سەرۆكوەزیران، یەك ڕۆژ ئەم شكستە ناشارنەوە."

هەروەها وتویەتی "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، خەڵك حەقی یەكێتی دەدەنەوە و ئەگەر هێزی ئەمنی و تەزویر نەكەنە چەكی دەستیان، بەپێی هەموو پێشبینییەك پێنج كورسیی پەرلەمان بەری ڕەنجیان دەبێت."



PM:10:39:28/02/2023