بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێم، سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان پەیامێكی گرنگ رادەگەیەنێت


ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت، پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا لەشاری بەغدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسیان لە گرنگی بنیادنانی هەنگاوە ئەرێنییەكانی رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم كردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، گرنگە هەریەكە لە هەرێم و بەغدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و لایەنە نیودەوڵەتییەكان مافی سەپاندنی چارەسەریی زۆرەملێیان نییە لە پرسی رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم.

هەروەها وتویەتی، پشتیوانی لە هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی هەرێم دەكەن بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی هەرێم و پەرۆشن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق.

سكرتێری نەتەوەیەكرتووەكان روونیكردۆتەوە، سەردانی هەرێم دەكات و حكومەتی هەرێم هان دەدات بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆی رێكخراو لەگەڵ بەغدا بە تایبەتی لەسەر دۆسیەی بودجەی ئەمساڵی عێراق.



PM:09:06:01/03/2023