وەزیری بەرگری ئەمریکا بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغداد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری بەرگری ئەمریکا بە سەردانێک گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و بڕیارە دواتر سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، ئەمڕۆ لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتە بەغداد، بڕیارە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆبێتەوە. 

ئامانجی سەردانەکەی ئۆستن بۆ بەغداد دووپاتکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراقە.

وەزیری بەرگری ئەمریکا دوای سەردانەکەی بۆ بەغداد، بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆببێتەوە.

پێشتر لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا سەردانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی لە پابەندبوونی واشنتۆن بۆ ناوچەکە دووپاتکردەوە، بەڵام هاتنى بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان پێشتر لە ئەجێنداى سەردانەکەیدا نەبوو.


AM:11:41:07/03/2023