گەنجێکی عێراقی دوای ئەوەی نەیتوانی مافی پەنابەری وەربگرێت بەریتانییەک دەداتە بەر چەقۆ

گەنجێکی عێراقی خوێندکارێکی زانکۆی بەریتانیای لە شاری بۆرنمۆس لە باشووری وڵاتەکەی بە چەقۆ بریندار کرد، دوای ئەوەی بێهیوا بوو لە وەرگرتنی داواکاری مافی پەنابەری لەو وڵاتە. 

بەپێی کورتە ڤیدیۆیەک کە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتی بەریتانیا بڵاوکردووەتەوە، کە پەنابەرێکی عێراقی بە ناوی ڕێباز محەمەدی تەمەن ٢٨ ساڵان بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر خوێندکارێکی زانکۆ لە شارى بۆرنمۆس و بریندارى دەکات.

بەپێى گرتە ڤیدیۆییەکە گەنجە عێراقییەکە سەرەتا لەگەڵ سۆلێنت ئەلیس ویلەر قسە دەکات و دواتر چەقۆیەک لە گیرفانى دەردەهێنێت و دەیدات لە پشتى و دواتر گەنجە بەریتانییەکە رادەکات و ئەویش دواى دەکەوێت.

ویلەر توانی ڕابکات، بەڵام دواتر لە هۆش خۆی دەچێت و یەکێک لە هاوڕێکانی پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات و پۆلیس دەگاتە شوێنى روداوەکە و ویلەر دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە کە بۆ ماوەى پێنج رۆژ لەژێر چاودێریدا هێڵدروەتەوە.

بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ، پۆلیس ڕێباز محەمەد دوای ماوەیەکی کەم لە نزیک ڕووداوەکە دەستگیر دەکەن، دوای لێکۆڵینەوەکان دان بەوەدا دەنێت کە بە چەقۆ لە ویلەری داوە و پاساوەکەشى ئەوە بووە کە بێهیوابووە لە وەرگرتنى مافى پەنابەرێتى و ژیان لە هۆتێلدا و رێگەى پێنەدراوە کار بکات و ویستویەتى لەو رێگەیەوە دیپۆت بکرێتەوە بۆ عێراق.

ڕووداوەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە و دادگای شاری بۆرنمۆس لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ڕێباز محەمەددا سەپاند، بەڵام تا ئەمڕۆ گرتە ڤیدیۆیییەکەی بڵاونەکرایەوە.

هەروەها پارێزەرانی محەمەد ڕایانگەیاندووە" ئەو گەنجە عێراقییە بە نایاسایی بە بەلەم گەیشتووەتە بەریتانیا". 

هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتە ئەو گەنجە سەر بە چ نەتەوەیەکە، بەڵام بەپێى ناوەکەى بێت پێشبینی دەکرێت کە کورد بێت.


PM:08:14:09/03/2023