حیزبی شیوعی كوردستان رایدەگەیەنێت "بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پارتی و یەكێتی پرسە خەسوانە بەلایەنەكان دەكەن"، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوان نایانەوێت سیستەمی هەڵبژاردن فرەبازنەیی بێت، بۆیە لە كۆبوونەوەكەش كشاونەتەوە.
دوێنێ لە شاری سلێمانی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی و لەگەڵ ژمارەیەك حیزبی كوردستان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، كاوە مەحمود، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان بە (دەنگی ئەمریكا)ی راگەیاندووە، ئەوان ئامادەبوون لە كۆبونەوەی وەفدی یەكێتی و پارتی لەگەڵ حزب و لایەنەكان بۆ رێككەوتن لەسەر شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و وتویەتی تێگەیشتین پارتیو یەكێتی خۆیان پێشوەخت رێككەوتوونو ڕێككەوتنەكە لەگەڵ بۆچوونی ئێمە ناگونجێت، بۆیە لە كۆبوونەوەكە كشاینەوە، تا ناومان لەسەر بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكە نەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە دژی دابەشكردنی كوردستانین بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن، چونكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو پەرلەمان جیاوازە، پەرلەمانتار نوێنەری هەموو كوردستانە و دەبێت لەسەر ئاستی كوردستان دەنگی پێبدرێت".
هەروەها وتویەتی "یەكێتیو پارتی خۆیان رێككەوتوون، هاتوون پرسە خەسوانەیان بەلایەنەكان كردووە، لەكاتێكدا قەیرانی حوكمڕانی هەرێم بە رێككەوتنی ئەو دوو لایەنە چارەسەر نابێت".
كاوە مەحمود جەختیكردۆتەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە رێككەوتنەكانی پێشتری پارتیو یەكێتی نەزۆك بوون، چارەسەر بەدامەزراوەیكردنی هەرێمو دانانی دەستورو گەڕانەوەیە بە دامەزراوەكان.