حكومەتی عێراق هەڵەبجەی وەك پارێزگا ناساند


ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوەوە و رێكارە كارگێڕییەكانی بۆ بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەش پەسەندكرد و وەك 19هەمین پارێزگای عێراق ناساندی.

بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی عێراق، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران، كۆبووە و لە تەوەرێكدا رێكارە كارگێڕییەكانی بۆ بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەش پەسەندكرا.

لەو بارەیەوە ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، بە بڕیاری ئەمڕۆی كۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێكارە فیدڕاڵییەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەسەر ئاستی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەواو كرا.

ساڵانی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی دەركرد، بەڵام دانیشتوانی پێیانوایە تائێستا وەك پارێزگا خزمەتیان نەكراوە.

لە ساڵی ٢٠١٣ دا لە سەردەمی حکومەتی مالکیدا بڕیار لەسەر بە پارێزگاربوونی شارەکە درا، لە ساڵی ٢٠٢١ دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لەسەر هەمان پرسدا.

 



PM:03:31:13/03/2023