بریندارێكی دیكه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانی له‌ده‌ستدا

گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشانەکانی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بریندار کرابوو، پاش چوار مانگ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەمەد ئاریان خۆشگواری تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەری ئەو شارە لە مانگی خەزەڵوەردا لەلاین هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بریندار بوو و پاش نزیک بە چوار مانگ کە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بوو، شەوی ڕابردوو بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.

ڕێکراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە چەقۆ چەندین جار لەسەر و شوێنە هەستیارەکانی جەستەی ناوبراو دراوە و بە گومانەی ئەوەی کە کوژراوە، پاشان وازیان لێ هێناوە". 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا (١٣٥) هاوڵاتی کورد لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون.


PM:06:10:15/03/2023