مالیكی‌ ئەمجاریش باسی‌ پێشمه‌رگەی‌ نەكرد

‌نوری مالیكی
نوری مالیكی ئەمجاریش له‌ وتاری هه‌فتانه‌یدا، باسی لەپێشمەرگە نەكرد‌و هیچ ئاماژەیەكی‌ به‌ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ نەكرد له‌ ئازادكردنی ئامرلی و سلێمان به‌گ و ناوچه‌كانی تردا لەژێر كۆنترۆڵی داعش.

له‌میانه‌ی وتاری هه‌فتانه‌یدا، نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق، ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات كردو جه‌ختیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا، عیراق ده‌كرێته‌ گۆڕستانی داعش  و رونیشیكرده‌وه، چه‌كدارانی داعش، ده‌ستیان كردوه‌ به‌ هه‌ڵاتن و بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراق،  جدییه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ ئامانج و پاككردنه‌وه‌ی وڵات له‌و تیرۆریستانه‌.

له‌به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا، مالیكی ئاماژه‌ی به‌ ئازادكردنی شارۆچكه‌ی ئامرلی و سلێمانبه‌گ و ناوچه‌كانی ده‌وربه‌ری كردو له‌هه‌مان كاتیشدا، سوپاسی خۆراگریی خه‌ڵكی ئامرلی و ئه‌و هێزانه‌ كرد كه‌ ئه‌و شارۆچكانه‌یان ئازاد كردوه‌ بێ ئه‌وه‌ی ناوی هێزی پێشمه‌رگه‌ بهێنێت كه‌ ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوه‌ له‌پرۆسه‌ی شكاندنی گه‌مارۆی سه‌ر ئامرلی و ئازادكردنی سلێمان به‌گ و گونده‌كانی ناوچه‌كه‌دا.



PM:01:42:03/09/2014