وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرێت


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رەخنەی توند لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت كە پێشێلكاری سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ ئەنجام دەدات.  

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتی ساڵانی خۆیدا باسی لە خراپی دۆخی مافی مرۆڤ كرد بۆ ساڵی رابردوو كردووە و رایگەیاندووە "هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان توندوتیژییان بەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاكانی ڕەخنەگر لە حكومەت ئەنجامداوەو چەندین حاڵەتی دەستگیركردن هەبووە بەبێ بڕیاری دادگاو ئاگاداربونی كەسوكاری دەستگیركراوان".

هەر بەپێی راپۆرتەكە، میدیاكانی سەر بە پارتی و یەكێتی هەریەكەیان لە زۆنی حكومڕانیی خۆیان دەستیان بە زانیاریی دەگات و دەرگاكان كراوەن لە بەردەمیاندا، ئەوەش بە پێچەوانەی میدیاكانی دیكە كە سەر بە حزبەكانی دەسەڵات نین.
 
وەك لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە، هەرچەندە ئەنجومەنی دادوەری كوردستان لە ڕوی یاسایی و دارایی و كارگێڕییەوە سەربەخۆیە لە وەزارەتی دادی هەرێم، بەڵام سەركردە باڵاكانی هەرێمی كوردستان كاریگەرییان لەسەر دۆسیە سیاسییە هەستیارەكان هەبوە، هەروەها دەوترێت پارتی و بەكێتی كاریگەرییان لەسەر دانانی دادوەران و بڕیارەكانی دادگا هەبووە.

لە بەرمبەریشدا د.دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم ئەو زانیارییانەی رەتكردۆتەوە و رایگەیاندوە، راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، زۆر ناشەفافانە و دور لە ڕاستی و ناواقیعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان دەكات و دووڕویی و ئیزدواجیەتی تێدایە و وەكو پێویست، ئاماژە بە هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم ناكات بەتایبەتی لە بابەتی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر، كە بە تەحەدایەكی گەورە دادەنرێت لەسەر هەرێمی كوردستان.

دەربارەی كەیسی دەستگیركراوانی بادینان، زێباری روونیكردۆتەوە "پێویستە ئەوە رون بكرێتەوە ئەم كەیسە یاساییانە هەرچەندە پەیوەندییان بە تێكدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پڕۆسەی دادگاییكردنیان بە ئاشكرا و شەفافانە بەڕێوەچوە بە ئامادەبونی نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتوەكان، رێكخراوەكان و پەرلەمانتاران، بێ ئەوەی ڕاپۆرتەكە ئاماژە بە هەوڵەكان بكات بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ئەمن سەقامگیری هاوڵاتیان".



PM:03:43:23/03/2023