سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان بڕیارێکی گرنگی دەرکرد

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو ڕاسپاردانەی پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کۆکردنەوەی پارەی دەروازە سنورییەکان پەسەند کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی ڕاسپاردەکانی لیژنەی وردبینی پەسەند کرد کە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی سکاڵا و ڕاپۆرتەکان لەسەر تۆمەتەکانی گەندەڵی لە بەندەرەکان بە تایبەتی لە بەندەری ئوم قەسر دەکات.

سودانی لە ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بە فەرمانی دیوانی ڕێنمایی پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەندی کردبوو، بۆ ئەوەی بە وردی پەیوەندییەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کۆکردنەوەی پارەی دەروازە سنورییەکان بپشکنرێت، لیژنەکەش کارەکانی تەواو کرد و ڕاسپاردەکانی سەبارەت بە سەرپێچیەکانی لە کۆکردنەوەی کرێی بەندەرەکاندا پێشکەش بە سەرۆک وەزیران کرد و ئەویش پشتگیری کرد و بەپێی لێهاتووی بەشە پەیوەندیدارەکان پەسەند بکرێن.

لیژنەکە پێشنیاری کردوە کە وەزارەتی گواستنەوە هەندێک ڕێوشوێن بگرێتەبەر، بەتایبەت لەڕوی سنوردارکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت وەردەگیرێت، ئامانجی ئەمەش ڕێگریکردنە لە بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان، هەروەها دیراسەی ئەنجامدانی پاشکۆکانی گرێبەستی هاوبەشی کەرتی تایبەت بکرێت بۆ دڵنیابون لە زیادبونی لە پشکی کۆمپانیای گشتی بۆ بەندەرەکان، پەرەپێدانی ژێرخانی، ئەگەرنا گرێبەستەکان بەپێی مەرجە دیاریکراوەکان کۆتایی پێدەهێنرێت و هەڵدەوەشێندرێنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" یەکێکی دیکە لە پێشنیارەکانی لیژنەکە گرێبەستی هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتەکان نوێ نەکرێتەوە کە ماوەی گرێبەستەکانیان بەسەر دەچێت و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئامادەکردنی کادیرانی کۆمپانیای بەندەرەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی حاڵەتی دوبارە دانی کرێی زیادەی خزمەتگوزاری، بۆ پێشکەشکردنی ئەنجامەکان بۆ نوسینگەی سەرۆک وەزیران لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا، جگە لەوەی پێشنیاری نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکە دەکات کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت ئەنجامدراوە".

هەروەها لیژنەکە پێشنیاریکردوە، وەرزی زانیارییەکانی کاڵا دەرچوەکان لەگەڵ دەستەی بەندەرەکان، گومرگ، باج و ئیدارەی بەندەرەکان وردبینیان تێدا بکرێت، هەروەها سۆناری ئەمنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە سەرپەرشتی بکرێت، پشت نەبەستن بە کۆمپانیا تایبەتەکان لەو بارەیەوە.


PM:11:04:23/03/2023