ماڵپەڕێکی بەریتانی: گورزێکی دیکە لە بواری نەوتدا لە هەرێمی كوردستان ده‌درێت

شەوی ڕابردوو تورکیا بە فەرمی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردەوە کە لە ئەمڕۆوە نەوتی هەرێمی کوردستان نافرۆشێت تەنها بە ڕەزامەندی بەغداد نەبێت، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لەو باره‌یه‌وه‌ دەڵێت" بڕیاره‌کە گورزێکی دیکەیە لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی عێراق دەدرێت". 

ماڵپەڕی (ئارگوس میدیا)ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند" عێراق بە فەرمی لە لایەن تورکیاوە ئاگادار کراوەتەوە کە چیتر رێگە نادات ئەو بارانەی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانه‌وه‌ هەڵدەگرن، بەبێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەندەری کەناراوەکانی جەیهان نافرۆشرێت". 

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەمەش گورزێکی دیکەیە لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی کوردستان دەدرێت". 

حکومەتی سودانی ئێستا بە بڕیاری دادگای پاریس پشت ئەستورە، جگە لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە مانگی شوباتی (٢٠٢٢)ەوە کە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی بە (نادەستووری) ناساند. هەروەها دادگای فیدراڵی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت پووچەڵ کردەوە.

تا ئێستا بەفەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداد و تورکیا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیان لەو بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.


AM:10:00:25/03/2023