عێراق و شەش وڵاتی تر بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکەنەوە


بە مەبەستی کارکردن بۆ سەقامگیری بازاڕی نەوت، عێراق، ئیمارات، سعودیە، عومان، کوەیت، جەزائیر و ڕووسیا، بڕیاری کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوتیان دەرکرد و لە مانگی ئایارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمی خۆبەخشانە بە ڕێژەی ٢١١ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند و، لە مانگی ئایاری داهاتووەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣.

 سوهەیل بن محمد فەرەج فاریس ئەلمەزرویی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات ڕایگەیاند" وڵاتەکەی خۆبەخشانە بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی ١٤٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمدەکاتەوە، لە مانگی ئایاری داهاتووەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی ئەمساڵی ٢٠٢٣، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنەکەدا ئۆپێک + ڕێککەوتن.

ئلە راگەیاندنێکدا ماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕینە خۆبەخشانە ڕێکارێکی خۆپارێزییە کە گیراوەتەبەر بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بازاڕی نەوتدا.

بڕیارە سبەی دووشەممە ئۆپێک پلەس لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوەی لیژنەی چاودێری وەزاری ئۆپێک پلە ئەنجام دەدات.
لای خۆیەوە وەزارەتی وزەی سعوودیەش ڕایگەیاندووە، شانشینی سعودیە خۆبەخشانە بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمدەکاتەوە، کە لە مانگی ئایارەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا دووپاتیکردەوە، کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان ڕێکارێکی خۆپارێزییە کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی بازاڕی نەوتە.

لە کاتێکدا ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ کەمکردنەوەی خۆبەخشانە لە بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێبەجێدەکات.

عومانیش کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بە نزیکەی ٤٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند، کە لە مانگی ئایارەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، هەروەها جەزائیریش لە هەمان ماوەی ساڵدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی بە ڕێژەی ٤٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە.



PM:09:26:02/04/2023