ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد داهاتی عیراق زیاد دەکات

سەرۆکی حکومەت رایگەیاند" ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم داهاتی عێراق زیاتر دەکات و هەموومان تێیدا سوودمەند دەبین".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی(ماوە بۆ درێژکراوە) ی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە و دەستخۆشی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەم بۆ ئەم رێککەوتنە و دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئەم رێککەوتنە گرنگە. هیوادرام ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ببێتە هۆی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق."

مەسرور وتیشی:" دوای راوەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووە، بەڵکو بە هەموو خەڵکی عێراق گەیشتووە. ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم داهاتی عێراق زیاتر دەکات و هەموومان تێیدا سوودمەند دەبین".

ئەمەش لە کاتیکدایە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە مەسروور بارزانی بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەرناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا کۆبوونەوە.



PM:02:13:04/04/2023