لێدوانێكی نوێ لە سەرۆكایەتی هەرێمەوە سەبارەت بە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی


وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نابێت رووداوێك كە روودەدات، لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەوەندە رەنگدانەوە و پەیامی جیاوازی لێدەربچێت كە ببێتە مایەی نیگەرانی خەڵكی.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاندووە، بۆ دوو بۆنەی فەرمی لە بەغدا نێچیرڤن برزنی، بانگهێشت كرابوو، یەكەمیان 42مین ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوی بەدر بوو، ئێوارەش یادی 43 ساڵەی شەهیدكردنی محەمەد باقر حەكیمە، لەگەڵیدا ئەو پێویستیانەی كە عێراق و هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەر دەبێت.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، حكومەتەكەی سودانی لە سێ لایەنی سەرەكی سوونە، شیعە و كورد پێكهاتووە، رێككەوتنێك هەیە لەنێوان ئەو لایانانە، لەسەر كارنامەی حكومەت كە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی پێداوە، لە وتارەكەی سەرۆكی هەرێم كە دووپاتیكردەوە، هەرێمی كوردستان هاوكار دەبێت بۆ كارنامەی حكومەت، هەروەها سوودانی زۆر بەروونی ئاماژەی بە رۆڵ و كاریگەری سەرۆكی هەرێم كردووە بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی هەن، هەروەها نزیك كردنەوەی بیرو بۆ چوونەكان، لەسەر ئاستی عێراق بەشێوەیەكی گشتی.

سەبارەت بەو هێرشەی كە ئێوارەی دوێنێ كرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم وتویەتی "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئێمە لە ناوچەیەكی پڕ كێشە و ململانێ دەژین، رەنگە زۆرجار ئێمە بەشێكیش نەبین لەو ململانێیانەی كە لە هەرێمی كوردستان روودەدەن، گرنگە ئێمە هەستكردن بە بەرپرسیارەتی ئارامی و سەقامگیری و گوزەرانی خەڵك لە ئەولەویەتی كارەكانی ئێمە بێت".

هەروەها دەڵێت "ئەوەی لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە، نابێت رووداوێك كە روودەدات، لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەوەندە رەنگدانەوە و پەیامی جیاوازی لێدەربچێت،كە ببێتە مایەی نیگەرانی خەڵكی".



PM:03:33:08/04/2023