بەرهەم ساڵح پڕۆژەیەكی نوێی سیاسی بۆ عێراق راگەیاند


د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق رایدەگەیەنێت، دوای 20 ساڵ لە گۆڕانكاری، پێویستە عێراق دەوڵەتێكی مەدەنی دەستوری بەهێزی دیموكراتی بێت نەك سەركوتكار.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق رایگەیاند، دوای 20 ساڵ لە گۆڕانكاری، پێویستە عێراق دەوڵەتێكی مەدەنی دەستوری بەهێزی دیموكراتی بێت نەك سەركوتكار، خزمەتگوزاری گەلەكەی بێت و توانای چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و قوڵكردنەوەی بنەماكانی هاوڵاتیبونی هەبێت، بەبێ‌ بونی ئەمانە لەبەردەم 20 ساڵی دیكەی قەیران و داڕمانداین كە عێراقییەكان باجەكەی دەدەن.

د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ یەكشەممە لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بەبۆنەی تێپەڕبونی 20 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی بەعسدا بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت، "ئەمڕۆ دوای 20 ساڵ لە تەمەنی ئەم حوكمڕانییە نوێیە، ناتوانین نكوڵی لەبونی ئەو كێشە بونیادیانە بكەین كە گۆڕانكاریەكان لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، هەڵەیەكی گەورەشە ئەم كێشانە بەكەم سەیر بكەین، كێشە و كەموكوڕیەكان كەڵەكە بون، ئەمەش پێویستی بە بەپیاچونەوەیەكی ڕاستەقینە هەیە، بە هیوای زامنكردنی مافی هاونیشتیمانیان و ژیانێكی شكۆمەندانە". 


دەقی نووسینەكە..

ئەمڕۆ لەبەردەم دەسكەوتەكانی دو دەیەی رابردوداین لەدوای گۆڕانی رژێمی پێشو، بەڵام دەبینین چارەسەری قەیرانەكانی ئەم سیستمەی ئێستا وەكو پێویست نین، لە ئێستادا پێكهێنانی حكومەتەكان درێژە دەكێشێت، چەند بەندێكی دەستور پەكخراون، پشك پشكێنە و گەندەڵی بوەتە كێشەیەكی مەترسیدار، ئەم دۆخە ناتوانرێت بەرێگە تەقلیدیەكان تێپەڕێنرێت، نابێت لەوە زیاتر گرەو لەسەر پشودرێژی عێراقیەكان بكرێت، هەروەها ناگونجێت بەهانە بهێنرێتەوە بۆئەو تاڵاوەی خەڵكی دەینوشێت. 

بایكۆتی زیاتر لە 50%ی دەنگدەران لەكۆتا دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، نابێت بە ئاسایی بەسەرماندا تێپەڕێت، بەڵكو شایانی ئەوەیە بیربكەینەوە لەكاریگەری و دەرهاویشتەكانی بۆ شەرعیەتی حوكمڕانی ئەمڕۆی عێراق.

پێویستی وڵات بە پەیمانێكی نیشتیمانی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ‌ حەتمییە، كە تەنها واقعی ئێستا و قەیرانەكان فەرزی ناكەن، بەڵكو بۆ تێپەڕاندنی مەترسیەكی و جودییە كە هەڕەشە لە قەوارەی دەوڵەتی عێراق دەكات لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، پەیمانێكی نیشتیمانی نوێ‌، تاكە گرەنتی ئاشتی كۆمەڵایەتی و دامەزراندنی حوكمڕانیەكی باشە لەرێگەی پێداچونەوەی ئەزمونەكانی ڕابردوەوە.

ئێستا كاتی چارەسەری ململانێی مێژویی نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگە، نوخبەی سیاسی و ئابوری و كولتوری، نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقە، لە بنەڕەتدا نەشیعە و نەسونە و نەكورد ڕازی نین لەم دۆخەی ئێستا، بێگومان توركمان و مەسیحی و ئیزیدی و پێكهاتەكانی تریش نیگەرانن و هاوڕان لەسەر ئەوەی دۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا ناتوانێت بەردەوام بێت.


لە ئێستادا ناڕەزایەتی بەرفراوان دەبینرێت لەلایەن هاونیشتیمانیانی شیعەوە بەرامبەر دەسەڵات، وایدەبینن كە ستەمێكی گەورە دەكرێت دەرهەق بە ناوچەكانیان، بەهۆی گەندەڵی و خراپی ئیدارەدانەوە، هەروەك ناڕەزایەكی جەماوەری كوردی پەرەی سەندوە بەرامبەر حوكمڕانی هەرێم، بەهۆی گەندەڵی و پاوانكردنی دەسەڵات و خزمخزمێنەوە.

كورد و عەرەب یان رێكدەكەون لەسەر پڕۆژەیەكی هاوڵاتیبونی ڕاستەقینەی تەواو كە گرەنتی مافی هەموانی تێدابێت و باوەڕی بە هاوبەشی فیعلی هەبێت لە حوكمڕانی وڵاتدا، یان مانەوەیانە لە ناو بازنەی ئەم دۆخە شێواوەدا، یاخود ڕێكەوتن لەسەر چارەسەرێكی نوێ و چوارچێوەیەكی فراوانتر، وەكو پەسەندكردنی كۆنفیدڕاڵی كە زۆرێك لە كێشە هەڵپەسێردراوەكان و كێشە ئابوری و ئەمنیەكان یەكلایی دەكاتەوە، پەیوەندی نێوان هەردو لایەنی كوردی و عەرەبی ڕێكدەخات لە چوارچێوەی یەك دەوڵەت و سنوری نێودەوڵەتی دانپێدانراودا، لەگەڵ بونی حوكمڕانیەكی باش و یەكخستنی ڕاستەقینەی هەیكەلی دامەزراوە سیاسی و ئابوری وئەمنیەكان و ئیدارەیەكی هاوچەرخدا، و ڕێكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەكان و كۆتاییهێنان بە خزمخزمێنە و گەندەڵی و فەراهمكردنی دادپەروەری.

پێویستە هەڵبژاردنە ناوخۆیەكان لە نزیكترین كاتدا ئەنجام بدرێت. (دواهەمین هەڵبژاردنی حكومەتی خۆجێی لەساڵی 2013 ئەنجامدراوە)، پێویستە هەڵبژاردنەكان هاوشان بن لەگەڵ ئەنجامدانی كۆمەڵێك چاكسازی بنەڕەتی لەماوەی ناوەند و دورمەودادا، هەروەها لەوانەیە باشتر بێت هەڵبژاردنی پارێزگار ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكی پارێزگاكەوە بێت و یاساو ڕێسای تایبەت دەربكرێت بۆ كاری حكومەتە خۆجێیەكان.

لەگەڵ چارەسەری گەندەڵی دەبێت گۆڕانی ئابوریش بێتە ئاراوە، ئابوری رەیعی مەترسیەكی گەورەیە، بەجۆرێك 90%ی داهاتی وڵات پشت بەنەوت دەبەستێت، لەگەڵ ئەو بەرەوپێشچونانەی لە جیهاندا هەیە بۆ روكردنە وزەی نوێ‌ لەرێگەی رێكەوتنامەكانی ژینگەوە، پێویستە پلانی پێشوەختە دابنرێت بۆ گۆڕانكاری هەمەلایەن لەبنەمای ئابوریەكەماندا، ئەمەش پەیوەندیدارە بە روبەروبونەوەی گەورەترین مەترسی بۆسەرمان كەخۆی لە گۆڕانی كەشوهەوا و ئاسەوارە ئابوری و ژینگەیییە گەورەكانیدا دەبینێتەوە. 

سەیرە عێراق بەوەی كە لانەی شارستانی یەكەمە، خاوەن پێگەی جوگرافی تایبەتە و خاوەنی توانای مرۆیی و سامانە سروشتیە و لەناو دڵی میزۆپۆتۆمیا و شاخەكانی كوردستان هەڵكەوتوە، دەبوایە جەمسەری بەهێز و سەقامگیری ناوچەكە بوایە لەرێگەی دروستكردنی پەیوەندی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەگەڵ دراوسێكانیدا، بەڵام دەوڵەتی عێراق لەماوەی رابردودا سەركەوتو نەبوە لەخۆگرتنی ئەو تایبەتمەندییە ناوازانە، لەبری ئەوە خەریكی ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی و تێوەگلان بوە لەشەڕی بێ‌ هودە لەگەڵ دراوسێكانیدا، بەو هۆیەشەوە پاشەكشەی كردوە لە گێڕانی رۆڵی مێژویی خۆی وەك دەوڵەتێكی میحوەری لە ناوچەكەدا. 



هیچ بژاردەیەك لەبەردەستدا نییە جگە لە بەهێزكردنی سیاسەتی دەرەكی دور لە جەمسەرگیری و ململانێ‌ و كاركردن بۆ دروستكردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ ناوچەكە.

دوای 20 ساڵ لە گۆڕانكاری، پێویستە عێراق دەوڵەتێكی مەدەنی دەستوری بەهێزی دیموكراتی بێت نەك سەركوتكار، خزمەتگوزاری گەلەكەی بێت و توانای چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و قوڵكردنەوەی بنەماكانی هاوڵاتیبونی هەبێت، بەبێ‌ بونی ئەمانە لەبەردەم 20 ساڵی دیكەی قەیران و داڕمانداین كە عێراقیەكان باجەكەی دەدەن، هەمو عێراقیەكان بە گشت پێكهاتەكانییەوە.




PM:02:13:09/04/2023