ئاسایشی هەولێر رێگا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی کەنەکە دەگرێت


نوێنەرایەتی کەنەکە لەهەرێم رایگەیاند " لەکاتێکدا بڕیاربوو ئەمڕۆ لەبارەی بۆردومانەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی ئەنجام بدەین، بەڵام هێزەکانی ئاسایش لە هەولێر هاتنە پێش بارەگای کەنەکە لەهەولێر و ڕێگریان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە ئاشتیانە کرد".

کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان – کەنەکە لە هەرێم لەو ڕاگەیەندنەدا دەڵێت " ‎بڕیاربوو ئەمڕۆ ٩-٤-٢٠٢٣ لە کاتژمێر ١١ ی پێش نیوەڕۆ لە بارەگای خۆمان لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئەندامانی باشوری کەنەکە لەهەرێم کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدەین و ئیدانەی بۆردوومانەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بکەین".

‎لە راگەیاندنەکدا هاتووە "لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانیەوە هێزەکانی ئاسایش لە هەولێر هاتنە پێش بارەگای کەنەکە لەهەرێم و ڕێگریان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە ئاشتیانە کرد و نەیانهێشت ئەنجام بدرێت، بە بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەن و بەڵگەیەک بۆ ئەم کارەیان بهێنەوە" .

‎هەروەها هاتووە" لەکاتێکدا ئەو هەڵوێستەمان کەمترین مافی خەڵکە بۆ ئیدانەکردنی ئەو هێرشە نا ڕەوایەی حکومەتی داگیرکەری تورکیا دەیکاتە سەر خاک و خەڵکی کوردستان و پێشهاتێکی مەترسیداریشە".

 کەنەکە( کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ) داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنی و گروپ و کەسایەتیە بە هەڵوێستەکانی گەل دەکات، کە بەیەک دەنگ رووبەڕووی هێرشەکانی حکومەتی تورکیا و ڕێگری هێزە ئەمنیەکان بۆ ئەنجامدانی چالاکی مەدەنی و  لە سنوری هەولێر ببنەوە.





PM:09:35:09/04/2023