مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات


لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراوە ) سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە بە درۆن کرایە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئەمەش بە پێچەوانەی لێدوانی وتەبێژەکەیەوە بوو کە رۆژ رووداوەکە سەرکۆنەی ئەو هێرشەی نەکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ ـی نیسان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەرپەرشتی مەسرور بارزانی، کۆبوەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ رووداوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەتی هەرێم سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەر بەشێکی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەروەها لە راگەیاندنی ئەو کۆبوونەوەیەدا هاتووە کە مەسرور بارزانی ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نییە کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن و دەڵێت" لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمن و ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەو کار و جموجۆڵانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبێت".

مەسرور بارزانی وەک لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " ئەوان بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆشەویستی سلێمانین و نابێت باجی ئەو ڕووداوانە بدەن" .
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و دەرخستنی ڕاستییەکان، بۆ ئەو ڕووداوانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دروست بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواتریش ئەو هێرشەی لە نزیک فڕۆکەخانە ڕوویدا.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە کەرتی گشتی کە لەلایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە بانکەکانی پارێزگای سلێمانیش (وەکوو پارێزگاکانی تری هەرێم ) پابەند بکات بەوەی نەختینەی پێویست و بۆ کڕینی دەرمان دابین بکەن.

هەروەها لە راگەیاندنی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕەشنووسی ( سیاسەتی پاراستنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان ) خستەڕوو.کە بریتییە لە کۆمەڵێک بەرنامە و ڕێکار بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و سووکایەتی پێکردن و پشتگوێخستن لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.

دوای خستنەڕووی چەند تێبینی و سەرنجێک بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەکە ، ئەنجومەنی وەزیران سیاسەتی پاراستنی منداڵی پەسەند کرد.




PM:06:14:12/04/2023