كەیسێكی دیكە بۆ شێروان شێروانی دەكرێتەوە و هاوڕێکەشی لەسەری دەکرێتە شاهید

پارێزەری كەیسی زیندانیان و سزاداراوانی بادینان ڕایدەگەیەنێت" ڕۆژنامەنووسی سزادراوی بادینان شێروان شێروانی کەیسێکی تری بۆ دروست کرا و گوهدار زێباری هاوڕێی لەسەری کراوەتە شاهید". 

بەشداری حەسەن پارێزەری كەیسی سزادراوان و زیندانیانی بادینان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە" دوای ئەوەی لە ١ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان داوامانکرد بۆ پاراستنی مافەكانی زیندانیانی بادینان و ڕایی کردنی کاری یاساییان بەبێ دەستێوەردان حزبی ڕەوانەی چاكسازی سلێمانی بكرێن، هەروەها بە هۆی ڕێگری کردن لە جێ بەجێکردنی مامەڵەی ئازادبوونی بە مەرجیان دیسان بەهۆی زاڵبونی بڕیاری سیاسی دەسەڵات بەسەر دامودەزگا پەیوەنددارەکان و ڕەفزکردنی پێدانی مافی ئازادکردنی بەمەرجیان، داوای گواستنەوەمان کرد بۆ چاکسازی سلێمانی". 

دەشڵێت" ئیدارەی چاکسازی بەم داواکارییانە هەر زوو تەنگەتاو بوون و بڕیارەکەیان پێ قبوڵ نەکرا و زۆریان لا قورس بوو، لە بری ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەیان، کە مافێکی سروشتی هەر زیندانیەکە داوای گواستنەوە بکات لە چاکسازییەک بۆ چاکسازییەکى دیکە، بەڵام داواکەیان ڕەتکرایەوە و ئیتر دەستکرا بە ململانێیان و هەوڵی تۆڵەکردنەوە و سەنگەرگرتن درا دژ بە زیندانیانی بادینان، ئەوەبو دەستیان کرا بە دروستکردنی کەیس لەسەر گیراوانی بادینان". 

هەر لەسەر ئەو پرسە بەشدار حەسەن چەند خاڵێكی خستووەتەڕوو کە بەمشێوەیە:

بەپێویستی دەزانین چەند روونکردنەوەیەک بدەین لەسەر ئەو پەنجە مۆرەی، کە بەوتەی ئیدارەی چاکسازی "بەنایاسایی”کراوە ئەمەش لەکاتێکدا بووە، کە یەکێک لە زیندانییانی بادینان لەکاتێکدا گوهدار زێباری سزادراوە و لە زیندانی تاکەکەسی بووە لەبری ئەو پەنجە مۆری گواستنەوەی بۆ چاکسازی سلێمانی بۆ کردووە، کە تا ئێستا روون نییە کام یەکیان لەبری ئەو پەنجە مۆری کردووە :

١ـ پێشوەختە زیندانیانی بادینان لەناوخۆیان ڕێککەوتبون لەهەر بڕیارێکی پەیوەست بە کەیسەکەیان یەکدەنگن و لە ئەگەری سزادانی هەریەکێکیان و لێک جیاکردنەوەیان و دەنگ بەیەک نەگەشتنیان لەهەر پرسێک بڕیاریان یەکە و دەکرێ لەبری یەک بڕیار بدەن و خۆیان ئەو مافەیان داوەتە یەکتر .

٢ـ ئەوەی، کە ئیدارەی چاکسازی کردویەتی بەکێشەیەکی گەورە عەریزەیەکی سادە بوە بەهیچ شێوەیەک نوسراوێکی فەرمی نەبووە و تا ئەو ڕادەیەی پولی فەرمی داراییشی لەسەر نەبووە .

٣ـ دوو جار خودی گوهدار زێباری لە لای داواکاری گشتی و لەبەردەم دادگا ڕایگەیاندووە، کە ئەوان پێشووتر لەناو خۆیان رێککەوتن بڕیار لەبری یەک بدەن و یەکدەنگن بۆ هەر پرسێک، کە بۆ قازانجیان بێت و هیچ کێشەیەکی نییە سەبارەت بە پەنجەمۆرەکە و یەکدەنگی لەگەڵ هاوڕێیانی دوپاتکردۆتەوە.

٤ـ بەپێی یاسایی چاکسازییەکان هەر عەریزەیەک بە کۆمەڵ بدرێت لە  بنەڕەتەوە پوچەڵە، و بابەتی داواکاری لەو شێوەیە دەبێ بەتاک پێشکەشبکرێت و نەدەبو بکرێتە قەزیە و کەیس لەسەریان !!دەبوو پێیان ڕابگەیەندرێت عەریزەکە پوچەڵە، چونکە بە کۆمەڵە وپێیان رابگەیەنرێت کە دوبارەکرێتەوە بەتاک.

٥ـ پێشووتر و لەکاتی سەردانی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی "کوێستان محەمەد” بۆ چاکسازی گەورانی هەولێر سەبارەت بە ئەو پرسە بە ئیدارەی چاکسازی ڕاگەیاندبوو، کە ئەو بابەتە گەورە نەکرێت.

٦ـ لە ڕوویی یاساییەوە هەر تاوانێکی ساختەکاری ( تەزویر ) لەسەر بنچینەی زیانە، بەڵام لێرە هیچ کەس و لایەنێک زیانی بەرنەکەوتوە و یان گۆڕانکاریەک ڕوی نەداوە لە واقیع بۆ غەش، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەگەر زیانێک هەبوایە دەبوو گوهدار زێباری سکاڵاکار بێت نەوەک ئیدارەی چاکسازی !

٧ـ پێشووتریش تیمی پارێزەران  و بەر لە ئازادبوونی سێ لە زیندانیانی بادینان هەریەک لە ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا و شڤان سەعید پارێزەران سەردانی ئیدارەی چاکسازی و بەشی یاساییمان کردبوو پێیان ڕاگەیاندین، کە هیچ کەیسێکیان لەسەر نەماوە، کەچی دەبینین ئێستا هەر ڕۆژ و بابەت و کەیسێکی نوێیان بۆ دروستدەکرێت و دەهێندرێتە پێشەوە بۆ ئەوەی سزابدرێن و ئازاد نەکرێن.


PM:04:02:14/04/2023