مووچەی مووچەخۆران زیاد دەکرێت



ئەندامێكی کوردی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت " حكومەتی عێراق پێداچوونەوە بە سیستمی مووچە دەكات و كار بۆ ئەوە دەكات كە مووچەی مووچەخۆران زیادبكرێت".

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" حكومەتی عێراق لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی مووچە و كار بۆ زیادكردن و رێكخستنەوەی سیستمی مووچە دەكات و وتیشی، "وەكو لیژنەی دارایی بانگێشتی ئەو لیژنەیەمان كردووە و كۆبوونەوەمان لەگەڵدا ئەنجامداون".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت" زیادكردنی مووچە لە دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا و دەیانەوێت ئەو نادادپەروەرییەی لە سیستمی مووچەدا هەیە چارەسەربكەن و وتیشی، "ئێستا كە هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگای سۆمۆوە دەبێت و بودجەی لە عێراقەوە بۆ رەوانە دەكرێت ئەركی حكومەتی هەرێمە هەر گۆڕانكارییەك لە سیستمی مووچە لە عێراق بكرێت لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێبكرێت، بەو پێیەی لە بەغدادەوە بودجەی بۆ رەوانە دەكرێت و نەوتەكەشی لە رێگای سۆمۆوە دەفرۆشرێت".

لە رۆژی ٢٥ ی ئازارەوە لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای پاریس فرۆشتنی نەوتی هەرێم و کەرکوک لە بەندەری جیهان راگیراوەو ئێستا سەرباری رێککەوتنی بەغداو هەولێر،  تورکیا بە ناوی نۆژەنکردنەوەی بۆریەکانی هەناردەکردنی نەوت رێگا نادات فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای سۆمۆوە لە بەندەری جیهانەوە دەستپێبکاتەوە، ئەمەش قەیرانێکی گەورەی بۆ دۆخی دارایی هەرێم دروستکردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقیش دیار نییە کەی لەپەرلەمانی عێراق پەسەند دەکرێت.



PM:07:29:14/04/2023