تائێستا تۆمەتباری سەرەكی هێرشكردنە سەر پارێزەرەكەی هەولێر دەستگیر نەكراوە


سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رایدەگەیەنن تائێستا تۆمەتباری سەرەكی رووداوی هێرشكردنە سەر پارێزەرەكەی هەولێر دەستگیر نەكراوە و كەسوكاریشی رەتیدەكەنەوە رێككەوتنی كۆمەڵایەتی بكەن.

لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەتوندی سەركۆنەی هێرشكردنە سەر پارێزەری محەمەد یابە سۆفی دەكەن كە رۆژی هەینی رابردوو لەلایەن تاقمێكەوە هێرشكرایە سەری و سوكایەتی پێكرا و ئەشكەنجە درا و پێویستە بەزوترین كات تەواوی تاوانباران دەستگیربكرێن و رێكاری یاسایی دژیان بگیردرێتە بەر، بەڵام تائێستا تۆمەتباری چوارەم كە تۆمەتباری سەرەكییە لە هێرشكردنە سەر پارێزەرەكە دەستگیرنەكراوە.

هەروەها كەسوكاری ئەو پارێزەرە رایانگەیاند، "بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین كە بێن بۆ ئەوەی داوای رێككەوتنی كۆمەڵایەتی بكەن و ئێمە بەهیچ شێوەیەك رێككەوتنی كۆمەڵایەتی ناكەین و داوا دەكەین یاسای رێكاری خۆی تەواو بكات و دەستدرێژیكارانی یاسا سزا بدرێن".

درەنگانی شەوی هەینی لەلایەن چەند كەسێكەوە پارێزەر محەمەد یابە سۆفی بەفێڵ لەماڵەكەی بردراوەتە دەرەوە و پاشان رفێندراوە، دواتریش بەقورسی ئەشكەنجەدراوە و لوتی شكێندراوە و سەریان شكاندوە، دوێنێش ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی سێ كەسی لەسەر ئەو روداوە راگەیاند.



PM:12:54:16/04/2023