"شێروان شێروانی بە تۆمەتێکی دیکە برایە بەردەم دادگا"

پارێزه‌ری ده‌ستگیركراوانی بادینان ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ کەیسێکی دیکە بۆ ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی کرایەوە و براوەتە بەردەم دادگا". 

بەشدار حەسەن پارێزەری كەیسی دەستگیرکراوانی بادینان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە" دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کەیسی (تزویر)یان بۆ کردەوە، ئەمڕۆ کەیسێکی نوێیان بۆ ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی کردوەتەوە و براوەتە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر لە کەسنەزان". 

وتیشی" گوایە شێروان شێروانی هەڕەشەی لە ئەفسەرێکی زێرەڤانی لە ناو چاکسازی گەورانی هەولێر کردووە، بۆیە پەڕاوێکی تری لیکۆڵینەوەیان بۆ کردۆتەوە و شێروان شێروانیان هێناوەتە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر لە کەسنەزان". 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی نە شێروان شێروانی و نە تیمی پارێزەران ئاگادار نەکراوینەتەوە، بۆیە دادوەر دادگاییەکەی دواخستووە و بڕیاردراوە کە بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانی وتەی لێوەربگیریت. 


PM:02:27:16/04/2023