بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی دەدرێتەوە بە گۆڕان

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی کرد. 

لە نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە واژووی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی لەسەرە و رۆژی ١٦ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە و وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی (سپی میدیا) نێردراوە، تێیدا گۆڕانکاری لە پۆستێکی باڵای سلێمانی کراوە و ئاماژە بەوە دراوە، عەمیدی هاتووچۆ عومەر نامیق حەسەن، لە پۆستی بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە وەکالەت گواستراوەتەوە بۆسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم. 

هاوکات لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە" عەمید ئاسۆ محەمەد ئەمین بەهرام لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس/ پۆلیسی کارەبا/ پۆلیسی گەرمیان پلەی بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بەوەکالەتی پێ بەخشراوە". 

لە ماوەکانی ڕابردوودا لە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزتنەوەی گۆڕاندا لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی خۆجێی، پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەراتی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی بەر گۆڕان کەوتووە. 

دوێنێش لە هەولێر وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستدا کرد کە عەمید شوان عارەب لە جێگەی عەمید دلێر نەجاڕ وەک بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگاکە دەستنیشانکرا.

هەروەها عەمید دیدار عومەر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە گواسترایەوە بۆسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە و پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەتی پێ بەخشرا.

عەمید عزەددین نەجمەددینیش وەک بەڕێوەبەری نوسینگەی زانیاری پارێزگای هەولێر دیاریکرا. 


PM:12:16:17/04/2023