ئاسایشی هەولێر: ئەو کەسەی هێرشیکردە سەر رۆژنامەنووسەکەی KNN دەستگیرکرا


رۆژنامەنووسێکی کەناڵی KNN ئەمڕۆ لەناو جەرگەی بازاڕی هەولێر هێرشکرایە سەری، ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت" لە هەولێر میدیای ئازادو سەربەخۆ ئازادانە كاردەكەن"و ئاشکرای دەکات ئەو هێرشەبەرە دەستگیرکراوە.

لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی هەولێر دەڵێت " دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە ١٧ی نیسان ٢٠٢٣، هەواڵێك لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوویەوە گوایە لەناو بازاڕی شاری هەولێر هێرش كراوەتە سەر ڕۆژنامەوانێك، دەستبەجێ تیمەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو لێكۆڵینەوەیان لەوبارەوە دەست پێ كردو دەركەوت، هاووڵاتییەك بەناوی (ك.س.ع) پەلاماری ڕۆژنامەوانێكی داوە".

ئاسایش ئاشکرای دەکات لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار دەستیگركراو پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كرایەوەو ڕەوانەی بەردەم دادوەر كرا.

ئاسایش لە کۆتاییدا دەڵێت " بۆ هەموو لایەكی ڕووندەكەینەوە، شاری هەولێر وێڕای ئەوەی شاری ئاشتی‌و پێكەوەژیانە، ناوەندێكە كە تێیدا میدیای ئازادو سەربەخۆ ئازادانە كاردەكەن‌و پاراستنی میدیاو میدیاكارانیش وەك تەواوی چین و توێژەكانی تر پارێزراوە و دەپارێزرێت".



PM:07:52:17/04/2023