عێراق نەیتوانیووە سامانی بەرفراوانی نەوت لە وەبەرهێنانەکاندا بەکاربهێنێت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری



ڕاپۆرتێکی ئەمریکی دووپاتی دەکاتەوە کە لەدوای گۆڕینی ڕژێمی پێشووەوە ژمارەی فەرمانبەران لە عێراق سێ هێندە زیادی کردووە، جەختیشی کردەوە کە کەرتی گشتی بێ بەرهەمی لێهاتووە.

  لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن سەنتەری ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوەی ئابورییەوە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە" عێراق نەیتوانیوە ئەو سامانە بەرفراوانەی نەوت لە وەبەرهێنانەکاندا بەکاربهێنێت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و کەرتی پەروەردە و چاودێری تەندروستی و ڕەخساندنی هەلی کار لەدەرەوەی بازنەی کەرتی گشتی".

   ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئەمە لەکاتێکدایە کە سیستمی حوکمڕانی لە عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە ڕژێمێکی دیکتاتۆرییەوە گۆڕدرا بۆ سیستمی فرەیی حزبی و کۆدەنگی سیاسی و ئازادی".

 ئاوەشی خستۆتەڕوو "سیستەمی حوکمڕانی سیاسی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە وڵاتدا پەیڕەویکرد، ڕێگەی بە قەوارە سیاسییە کاریگەرەکان دا کە سەرچاوە نەوتییەکان بۆ دروستکردن و پاراستنی تۆڕی پشتیوانی کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی هەندێکجار لە دەسەڵاتدا بمێننەوە".

     لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە لایەنی خزمایەتی لەنێو لایەنە سیاسییە کاریگەرەکاندا کراوە، کە بووە هۆی دامەزراندنی ئەو فەرمانبەرانە بۆ کەرتی گشتی کە شایستە نین بۆ پۆستەکانیان و بێتوانان".

 جەختیشی کردەوە، "ژمارەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە زیاتر لە سێ هێندەی پێشوو زیادی کردووە و ئەمەش وایکرد کە کەرتی گشتی بێ بەرهەم بێت و نەک وەک بڕیار بوو بێت.

     لە هەمان کاتدا ڕایگەیاندووە، " ئەمە میکانیزمێکی زۆر تێچووی زۆری دەوێت بۆ دەوڵەت. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٧دا مووچەی کەرتی گشتی دوو لەسەر پێنجی کۆی خەرجییە گشتیەکانی ڕژاندووە، کە بە ڕێژەی ١٤% لە بەهای خەرجییەکانی ساڵی ٢٠٠٥ زیادیکردووە."

  و لە درێژەدا دەڵێت، "تا ساڵی ٢٠٢٠، دەوڵەت ٢٤%ی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی تەرخان دەکرد، لە هەمان کاتدا، هیچ ڕێسایەک نییە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا، هەروەها هیچ گەرەنتییەکی خانەنشینی بۆ ئەوانە نییە کە هیچ کارێکیان نییە”.

   جێگای سەرنجە لە ئێستادا عێراق تاوتوێی بودجەیەکی سێ ساڵە دەکات کە ٧٥%ی بۆ بەکاربەر تەرخانکراوە، کە زۆربەیان مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتییە، هاوکات لیژنەی دارایی دووپاتی دەکاتەوە کە بودجەکە لەخۆدەگرێت ٧٢٩ هەزار بڕوانامەی کاری نوێ کە دەچێتە وەزارەت و دامودەزگا.



PM:09:52:17/04/2023