زانیاری ورد لەسەر ئەو مامۆستایەی لە هەولێر دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەر منداڵێک

لە یەکێک لە قوتابخانە تایبەتەکان لە عەنکاوەی هەولێر، مامۆستایەک بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر قوتابییەکی حەوت ساڵان و سەرەتای ئەمساڵ دۆسیەکە ئاشکرا بووە، ئێستا مامۆستاکە دەستگیرکراوە و دایک و باوکی منداڵەکەش داوای سزادانی دەکەن.


بەپێی زانیارییەکان لە لایەنی پەیوەندیدار و دایک و باوکی قوتابییەکەوە، منداڵەکە تەمەنی ٧ ساڵانە و لە دایکێکی مەغریبی و باوکێکی ئەڵمانییە، لە قوتابخانەیەکی تایبەت لە عەنکاوەی هەولێر خوێندوویەتی کە بە زمانی فەرەنسی وانەی تێدا دەخوێندرێت.

دایک و باوکی منداڵەکە ڕایگەیاند، "ئەو مامۆستایە بە کچەکەیانی گوتووە ئەگەر لەلای هەر کەسێک قسە بکات، ئەوا دەیکوژێت". تیمی رووداو منداڵەکەیان بینیوە و شوێنەواری مووس بە جەستەیەوە بووە  منداڵەکە وتوویەتی، "بەو شێوەیە هەڕەشەی لێکردووم بەپێی زانیارییەکان، مامۆستاکە هەر لەنێو بینای قوتابخانەکە دەستدرێژیی کردووەتە سەر منداڵەکە.


مامۆستاکە خەڵکی دیمەشقە و تەمەنی ٣٥ ساڵانە مامۆستای وانەی وەرزش بووە. هێشتا ناوی بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە.


لە سەرەتاکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ، دایکوباوکی منداڵەکە سکاڵایان تۆمارکردووە و مامۆستاکە دەستگیرکراوە، ئێستاش دۆسیەکە لە دادگەیە، تاوەکو ئێستا پۆلیس و قوتابخانەکە ئامادەنەبوون لەسەر ئەو دۆسیەیە هیچ لێدوانێک بدەن. 


 بە وتەی دایک و باوکی منداڵەکە، کچەکەیان پێی وتوون، "بە لایەنی کەمەوە چوار منداڵی دیکەیشی بینیوە کە چوونە بۆلای مامۆستاکە،" بەڵام ئەو دۆسیەیانەی دیکە تاوەکو ئێستا لەلای دەزگا ئەمنییەکانی یەکلانەکراونەتەوە و کەسوکاری ئەو منداڵانە سکاڵایان تۆمار نەکردووە.



PM:02:07:19/04/2023