هۆكاری مردنی سەعد كەمبش راگەیەنرا


وەزارەتەكانی تەندروستی و ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنن، بەپێی راپۆرتی پزیشكی هۆكاری مردنی  سەعد كەمبش، سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی سونەی عێراق بۆ چەند نەخۆشیەكی درێژخایەن دەگەڕێتەوە كە پێشتر هەیبووە.

وەزارەتەكانی تەندروستی و ناوخۆ لەڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، لە ساتەوەختی هەڵاتنی سزادراو سەعد كەمبش، تیمێكی مەیدانی تایبەتمەند لە دەزگای هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆ پێكهێنرا بۆ بەدواداچونی سزادراوەكە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بە هەوڵێكی تەكنیكی و بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و بەدواداچونی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، دوای ئەوەی ئەم تاوانبارە گواسترایەوە بۆ ژمارەیەك ناوچە، ئەمڕۆ لە یەكێك لە ناوچەكانی نیشتەجێبون لە گەڕەكەكانی شاری موسڵ، هێزێكی تایبەت توانیویەتی شوێنەكەی گەمارۆ بدات و لە كاتی دەستگیركردنیشیدا هەوڵی هەڵهاتنی داوە".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "لەگەڵ دەستپێكردنی ڕاوەدونانی هێزەكە، سەعد كەمبش نەخۆشكەوتوە و باری تەندروستی تێكچوە، هەر لەوكاتەدا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی موسڵ، بەرلەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، مردنەكەی لە ڕوی پزیشكیەوە پشتڕاستكرایەوە".

باسیان لەوەشكردوە، "تەرمەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كرا و لیژنەیەك لە سێ پزیشكی پسپۆڕ پێكهێنرا بۆ مەبەستی پشكنینی جەستە و دۆزینەوەی هۆكارەكانی مردنی، لەئەنجامیشدا ئاماژەیان بەوەدا كە هیچ نیشانەیەكی دەرەكیی ناڕەحەتی لەسەر تەرمی مردوەكە نەبوە، بەڵكو هۆكاری مردنەكەی هەر ئەوەبوە كە پێشتر چەند نەخۆشیەكی درێژخایەنی هەبوە".

 مانگی رابردوو هێزە عێراقییەكان لەسەر فەرمانی دادوەری دەستەی دەستپاكی توانیان سەرۆكی پێشوی فەرمانگەی وەقفی سونی دەستگیربكەن، دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ بۆ دەركرد.



PM:07:37:20/04/2023