بافڵ تاڵەبانی: هەندێک ناوچەی هەرێم بۆتە جێگەیەك بۆ كپكردن و زیندانیكردنی دەنگە ئازادەكان

سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگرە رۆژنامەگەری ئازاد و فەراهەمكردنی ئازادی بیروڕا پایەیەكی گرنگی دیموكراسین". 

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە بۆنەی‌ ساڵیادی‌ ڕۆژنامەگەری‌ كوردی‌ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگرە ڕۆژنامەگەری ئازاد و فەراهەمكردنی ئازادی بیروڕا پایەیەكی گرنگی دیموكراسین و هێمای گەشەسەندن و پێشكەوتنی وڵاتە، بەداخەوە لە ساڵانی رابردوودا هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان نەك تەنیا لەو ڕووەوە گەشەی نەكردووە، بەڵكو بۆتە جێگەیەك بۆ كپكردن و زیندانیكردنی دەنگە ئازادەكان، تۆمەتی ناڕەوا بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست دەكرێت و وێنەیەكی نەخوازراوی هەرێم پێشكەشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكرێت". 

دەشڵێت" ئێمە باوەڕی تەواومان بە رۆژنامەگەری ئازاد و رۆژنامەنووسی بوێر هەیە، هەرگیزیش خۆمان لە سەروو ڕەخنەوە نەبینیوە و پشتیوانی هەر هەوڵێكیش دەكەین، كە هەڵەكانمان دەستنیشان بكات و رێگا ڕاستەكەمان نیشان بدات". 

جەختیشیکردەوە" لەسەر هەمان ئەو بیروباوەڕە نەگۆڕەی خۆمان بەردەوام دەبین و هاوكار و هەماهەنگی میدیای پیشەی و هەموو دەنگە دلێر و ئازادەكان دەبین". 


PM:01:40:22/04/2023